عومەر شێخمووس: جیهان بۆ چارەسەری کێشەی رۆژئاوا متمانەی بە سەرۆک بارزانی هەیە
عومەر شێخمووس لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر رۆڵی "گرنگ و مێژوویی" سەرۆک بارزانی لە نێوەندگیریی لایەنەکان و دەڵێت: " وڵاتان بۆ چارەسەری کێشەکان متمانەی زۆریان بە سەرۆک بارزانی هەیە."
کوردستان24: ماوەیەکە لە گۆڕەپانی سیاسی دوورکەوتووەتەوە، هۆکارەکەی چییە؟
عومەر شێخمووس: پیری رۆڵی خۆی هەیە، من لە هەفتەی ئایندەدا دەبمە 84 ساڵ. 65 ساڵە لە خەبات و تێکۆشانم بۆ میللەتەکەم. بە لای منەوە وایە دەبێت دەرفەت بدرێتە گەنجانی ئێستا تاوەکو رۆڵی خۆیان ببینن. هۆکارێکی دیکە مەسەلەی نەخۆشییە، بەڵام بە تەواوی دوور نەکەوتوومەتەوە، دەنووسم و راوێژم لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر رەوشەکە هەبێت.
کوردستان24: رۆژئاوای کوردستان بە چ بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت؟ ئایا ئەوەی روودەدات دروستبوونی قەوارەیەکی نوێیە بۆ کورد یان مەترسی لەناوچوونی کورد لەو پارچەیەدا هەیە؟
عومەر شێخمووس: لە راستییدا مەترسی لەناوچوونی کورد لە ئارادایە. ئەو پرۆژەیەی کە پێی دەگوترا ناوچەیەکی خۆسەری یان ئۆتۆنۆمیی یەکگرتوو لە عەفرین، کۆبانێ، سەرێکانی و ناوچەی جەزیرە، ئێستا وەدیهێنانی زەحمەت بووە، چونکە هندێک ناوچەی عەرەبنشین چوونەتە ناو ریزەکانی هەسەدە و پشتیوانی لە حکوومەت دەکەن. بەڵام هەندێک دەستکەوتی گەورە بۆ کوردی سووریا هاتوونەتە پێش، سێ رێککەوتن کراون کە لە شەڕ باشترن.
کوردستان24: ئایا ئەم رێککەوتنانە لە بەرژەوەندی کورددایە؟
عومەر شێخمووس: بەڵێ، دەتوانین بەراوردی بکەین بە بەیانی 11ی ئازاری کوردستانی عێراق. بۆ یەکەمجار دانیان بە بوونی کورد لە سووریا، زمان و مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانیاندا ناوە. قبوڵکراوە کە ناوچە کوردنشینەکان جۆرە خۆسەرییەکیان هەبێت. هەروەها دەربەدەرەکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و هێزە بێگانەکانی وەک تورکیا دەکشێنەوە. بڕیارە کورد پۆستی باڵای وەک جێگری وەزیری دەرەوە و جێگری وەزیری بەرگری وەربگرێت، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە.
کوردستان24: پێتوایە لە داهاتوودا ئەم رێککەوتنانە نابنە کێشە بۆ کورد؟
عومەر شێخمووس: من بۆچوونێکی وام هەیە؛ با ئەو هەڵەیە نەکەین کە فەڵەستینییەکان کردیان، یان هەموو شتێک یان هیچ. کورد لە رۆژئاوا و باکوور دەبێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بگاتە رێککەوتن و هەرچییەکی دەستکەوت قبوڵی بکات و لەسەری بنیاد بنێتەوە.
کوردستان24: رۆژئاوای کوردستان تا چەند دەتوانێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؟
عومەر شێخمووس: زۆر، زۆربەی ئەو پێشهاتانەی ئێستا لە رۆژئاوا و سووریا روودەدەن، دەتوانی بڵێی "کۆپی پەیست"ـی ئەزموونی کوردستانی عێراقە، چ لە رێککەوتنی 11ی ئازار و چ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 و سیستەمی فیدراڵی.
کوردستان24: سەرۆک بارزانی رۆڵێکی تایبەتی هەبوو لەم ئاشتەوایی و رێککەوتنانەدا، رۆڵی سەرۆک بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
عومەر شێخمووس: من وەک کوردێکی رۆژئاوای کوردستان کە تەمەنێکی درێژم لە خەباتدا بەسەر بردووە، لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسی دەکەم بۆ ئەو رۆڵە باشەی بینیویەتی بۆ نێوەندگیری و نزیککردنەوەی دیدوبۆچوونەکان. هەروەها نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش رۆڵی پۆزەتیڤیان هەبووە. جیهانی دەرەوەش زۆر پشتی بە سەرۆک بارزانی بەستووە بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری رەوشەکە.
کوردستان24: کورد چۆن دەتوانێت ئەوەی لە رۆژئاوا هەیە بیپارێزێت؟
عومەر شێخمووس: پێویستمان بە یەکریزی، هاوکاری، واقیعیی بوون و ناسینی هێزی خۆمان هەیە. ئەوەی ئێستا لە سووریا کراوە بە گەرەنتی ئەمریکا و فەرەنسا بووە، ئەمە هەنگاوێکی باشە. پێویستە کورد خۆی بۆ دەستوور و هەڵبژاردن و حکوومەتی ئایندە ئامادە بکات تاوەکو ئەم مافانە بە فەرمی بچەسپێنرێن.
کوردستان24: بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ و بەهێزتر بێت، ئامۆژگاریت چییە؟
عومەر شێخمووس: پرۆژەیەک هەبووە لە حەفتاکانەوە تاوەکو ئێستا، ئەویش کۆنگرەی نەتەوەییە. کورد پێویستی بەوەیە دەزگایەکی جیهانی هەبێت بە ناوی کۆمیتەی هاوکاری یان کۆنگرەی نەتەوەیی، تاوەکو بە یەک دەنگ و یەک بەرنامە لەگەڵ جیهان قسە بکەن، بە مەرجێک تەنیا لەژێر کۆنتڕۆڵی یەک حزبدا نەبێت، بەڵکو نوێنەری راستی هەموو گەلی کورد بێت.