کەمێکی دیکەی گەڕی دووەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکات

دوای تەواوبوونی گەڕی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی دانوستانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان، بڕیارە کەمێکی دیکە گەڕی دووەمی دانوستان دەستپێبکاتەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتیی، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە کاتژمێر 1:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ی شوباتی 2026، لە مەسقەت گەڕی دووەمی دانوستان دەستپێدەکەنەوە.

دوای زیاتر لە کاتژمێرێک کۆبوونەوە و دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی ئەمریکا، گەڕی یەکەمی دانوستان نوێ، کەمێک لەمەوبەر کۆتایی پێهات. 

هەرچەندە ئاژانسی ئەسیۆشێیتدپرێس بڵاویکردەوە، کاروانێکی ئۆتۆمبێل، کە مەزندە دەکرێت ئەندامانی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا بن، شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانیان لە مەسقەت بەجێهێشت، بەڵام میدیای ئێران بڵاویکردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا هەر لە شوێنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ ماون بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان بە نێوەندگیری عومان.

بەر لە دەسپێکردنی گەڕی یەکەمی دانوستانی نوێی ئێران و ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون نێوەندگیری و پاڵپشتی زمانی گفتوگۆ و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی هەردوو لایەنی دانوستانکار دووپاتکردەوە، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی گونجاو لەگەڵ ئامانج و خوازراوەکان. 

بە گوێرەی بەرنامەی گەڕی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرەتا عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 09:53ی بەیانی گفتوگۆیان کردووە، دواتر کاتژمێر 11:45 وەزیری دەرەوەی عومان لەگەل سیتڤ ویکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئێران قسەی بۆ ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس کردووە و گوتویەتی " بوونی بەرپرسانی سەربازی لەنێو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا، مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر رەوتی دانوستانەکان".