سوپای عێراق تەقە لە مەڕ و ماڵاتی جووتیارانی تۆپزاوە دەکەن

تەقەکردنی بەردەوامی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تۆپزاوە، نیگەرانی و ترسی لای جووتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە و زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.

 ساتع ناسح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوە بەکوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە فیرقەی 11ـی سوپای عێراق بەشێوەیەکی رۆژانە تەقەیەکی زۆر بەڕووی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکەدا دەکات، ئەو دۆخە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای جووتیاران دروست کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ تەقەکان زیانی لێکەوتەوە و فیشەک بەر مەڕوماڵاتی یەکێک لە جووتیاران کەوتووە.

جووتیارانی تۆپزاوە لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا، داوا لە لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان دەکەن بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. ئەو داواکارییەش بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و دابینکردنی سەلامەتی بۆ کار و کاسپیی جووتیارانە.