بەرپرسانی ئەمەریکا زانیارییەکانی ناتانیاهۆ رەت دەکەنەوە

(وێنە؛ ئەرشیف، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)
(وێنە؛ ئەرشیف، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو لێدوانانەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان رەت کردەوە؛ تێیدا بانگەشەی کردبوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا، پابەندیی خۆی بە وادەی 60 رۆژ بۆ داماڵینی چەکی بزووتنەوەی حەماس دەربڕیوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاو کراوەتەوە، پرۆسەی داماڵینی چەک لە غەززە زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە ماوەی دوو مانگدا کۆتایی بێت. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە لە 60 رۆژی یەکەمدا، تەنیا تەرکیز دەخرێتە سەر دەستپێکردنی قۆناخی سەرەتایی پرۆسەکە نەک تەواوبوونی.

هاوکات لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانە، جارێد کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس پلانێکی 100 رۆژەی خستەڕوو. پلانەکە تیشک دەخاتە سەر داماڵینی هەمەلایەنەی چەکە قورسەکان، لەناوبردنی تونێلەکان و تێکدانی ژێرخانی سەربازیی حەماس، بە جۆرێک رێگری لە هەر هەوڵێکی ئاوەدانکردنەوەی سەربازی بگیرێت.

بەشێکی دیکەی پلانی پێشنیارکراو بریتییە لە پێدانی لێبوردن بەو ئەندامانەی حەماس کە چەکەکانیان رادەست دەکەن، لەگەڵ ئەگەری تێکەڵکردنیان لە ناو هێزێکی ئەمنیی نوێدا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دەبێت. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل قۆناخ بە قۆناخ هێزەکانی دەکشێنێتەوە، بەو مەرجەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان پێشکەوتنی پرۆسەی داماڵینی چەک پشتڕاست بکەنەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن دۆناڵد ترەمپ باوەڕی وایە حەماس ناچار دەبێت چەک دابنێت، بەڵام هۆشدارییەکی توندی داوە ئەگەر بزووتنەوەکە ئەو کارە نەکات، ئەوا رووبەڕووی لەناوچوونی تەواوەتی دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە کۆشکی سپی لە 19ـی شوباتدا کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە ڕێکبخات. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە، بە بەشداری دیپلۆماتکارانی چەند وڵاتێک بەڕێوەدەچێت، بریتییە لە داڕشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست و کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.