بڕیار لەسەر دانەوەی قیستەکان بە دۆلار دەدرێت و دۆخی فەرمانبەران لەبەر چاودەگیرێت
د. محەمەد شوکری: رەچاوی بارودۆخی ئەو کەسانە دەکەین کە قیستیان بە دۆلار لەسەرە

K24 - ھەولێر
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی ھەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بە لەبەچاوگرتنی بارودۆخی خەڵک هەوڵدەدەن هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان بە دۆلار لەسەرە، بە جۆرێک چارەسەرێکی گونجاوبێت و کەس زیانی بەرنەکەوێت، لە دوای سەری ساڵیش لەگەڵ سەرجەم وەبەرهێنەران کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە دەدرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی ھەرێمی کوردستان روونیكردەوە: "ئێستا بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار بە جیاوازییەكی زۆر بەرزبووەتەوە، ئەو خەڵكانەی قیستیان لەسەرە مووچەكەیان بە دینار وەردەگرن، بۆیە بیرمان لەوە كردووەتەوە چارەیەكی گونجاو بدۆزینەوە لەنێوان وەبەرھێنەران و ئەو كەسانەی قیست دەدەن، بۆ ئەوەی كاریگەری زۆر لەسەر داھاتی ھاووڵاتییان بە تایبەتی فەرمانبەران نەكات".