بەرپرسی ئاسایشی حەسەکە: بەمزووانە ژیان لە کۆبانێ ئاسایی دەبێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی شوباتی 2026، مەروان عەلی، بەرێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وردەکاریی قۆناغی داهاتووی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) خستەڕوو.
مەروان عەلی رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا بڕگەکانی دیکەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکە جێبەجێ دەکرێن. گوتیشی: "ئەم قۆناغەی رێککەوتنەکە، وەرگرتنی بنکەکانی پۆلیسی قامشلۆ و کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هەردوولا بۆ سەربازگەکانیان لەخۆدەگرێت."
رۆژنامەنووسێک گلەیی لە دۆخی کۆبانێ کرد و ئاماژەی بە نەبوونی هاوکاری، کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت دا. مەروان عەلی بوونی گەمارۆی رەتکردەوە و گوتی: "پرسی کۆبانێ بە دۆخی قامشلۆ و حەسەکەوە بەستراوەتەوە؛ یەک پرسە. هێزەکان چوونەتە ناوچەی شیوخ و بەم زووانە هێزەکانی ئاسایش دەچنە کۆبانێ. هەروەک لێرە هێزەکان دەکشێنەوە، لە کۆبانیش دەکشێنەوە. بابەتەکە تەنیا گەیشتنی هاوکاری نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ژیانی ئاساییە بۆ تەواوی ناوچەکە."
لەسەر پرسی ئاوارەکانی سەرێکانی، عەفرین و تل ئەبیەد، بەرپرسی ئاسایشی حەسەکە گوتی، "گفتوگۆکان بەردەوامن. کەمپ لە هەردوولا هەن، خەڵک لە حەسەکە هەن چوونەتە شوێنی دیکە یان لە کەمپەکاندان." داواشی کرد، گوتاری توند سەبارەت بە ئاوارەکان کەمبکرێتەوە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا، عەلی گوتی: "ئەو بابەتە بە باشی بەرێوەدەچێت."