پاریس و دیمەشق گفتوگۆ لەسەر گەڕاندنەوەی 32 ملیۆن یۆرۆ بۆ سووریا دەکەن

رۆژنامەی زە ناشناڵ ئاشکرای کرد کە فەرەنسا و سووریا لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی داهاتی ئەو سامانانەی کە لە فەرەنسا دەستیان بەسەردا گیراوە و هی رەفعەت ئەسەد، جێگری پێشووتری سەرۆکی سووریا بوون. بڕیارە ئەم پارانە بۆ پرۆژەی گەشەپێدان لە سووریا تەرخان بکرێن.

بەپێی راپۆرتەکە، گفتوگۆکان لەنێوان پاریس و دیمەشق بەمەبەستی گواستنەوەی 32 ملیۆن یۆرۆ بۆ سووریا دەستیپێکردووە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی بە rۆژنامەکەی rایگەیاندووە، بیرۆکەکە ئەوەیە، ئەو پارانەی لەلایەن سیستەمێکی گەندەڵەوە دزراون، دەبێت بۆ ئەو گەلە بگەڕێنەوە کە لێیان دزراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پارەکە بۆ پرۆژەیەک تەرخان دەکرێت کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک هەبێت.

گفتوگۆکان لەم هەفتەیەدا بە سەردانی شاندێکی سووری بە سەرۆکایەتیی مستەفا قاسم، جێگری وەزیری داد بۆ پاریس دەستیپێکردووە و هەردوولا هیوادارن تا کۆتایی ئەمساڵ بگەنە rێککەوتن.

مستەفا قاسم رایگەیاندووە، حکوومەتی فەرەنسا دەیەوێت پارەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە یان ژێرخانی سەرەتایی سووریا بەکاربێن.

دادگای فەرەنسا لە ساڵی 2022 رەفعەت ئەسەدی بە تۆمەتی گەندەڵی و سپی کردنەوەی پارە لە ئەورووپا سزادا، کە سەروەت و سامانەکەی لە فەرەنسا بە نزیکەی 90 ملیۆن یۆرۆ مەزندە دەکرا. رەفعەت ئەسەد مانگی یەکی ئەمساڵ لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

تا ئێستا فەرەنسا بە بڕیاری دادگا بە بەهای 47 ملیۆن یۆرۆ لەو سامانانەی فرۆشتووە.