پەرلەمان کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە و بڕگەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لابراوە

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە بەرنامەی کاردا لادراوە. 

شەممە 7ـی شوباتی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (7)ی وەرزی یاسادانانی یەکەمی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026 بەڕێوەبچێت.

بەپێی کارنامە بڵاوکراوەکە، دانیشتنەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکدێت:
1. سوێندخواردنی یاسایی بۆ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە نوێیەکان کە شوێنی ئەندامە کشاوەکان دەگرنەوە.
2. دەنگدان لەسەر پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنەکاندا.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، بەرنامەی کارەکە هیچ ئاماژەیەکی بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی تێدا نییە، چاودێرانی سیاسی هۆکاری ئەمە بۆ بەردەوامیی بنبەستی سیاسی و نەگەیشتنی لایەنەکان (بەتایبەت لایەنە کوردییەکان) بە رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش یان یەکلاکردنەوەی پۆستەکە دەگەڕێننەوە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.