فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی چەندین رێکخراوی ناوخۆیی دەنێرێتە دەرەوەی وڵات
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی چالاکییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی رێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی گروپێک لە رێکخراوە ناوخۆییەکان بۆ کۆماری رووسیای فیدڕاڵ.
ئەم هەنگاوە ستراتیژییە ئامانجی پەرەپێدانی سێکتەرە زانستی و کەلتوورییەکان و ئاڵوگۆڕی شارەزاییە لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەکە، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی پێشوازی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی کۆماری رووسیای فیدڕاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەر بەپێی ئەو راگەیەندراوە، لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا باسیان لە میکانیزمەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی کەلتوور، کەلەپوور و زانستدا.
دوای چەند کۆبوونەوەیەک کە پێشوەختە کراوە، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی گەیشتە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی چەندین رێکخراوی لۆکاڵی پسپۆڕ لە سێکتەرە دیاریکراوەکان بۆ وڵاتی رووسیا.
ئەم دەسپێشخەرییە دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ رێکخراوە ناوخۆییەکان تا لە نزیکەوە ئاشنای نوێترین شێوازەکانی کارکردن و پەرەپێدانی پرۆژە نێودەوڵەتییەکان بن.
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە ماوەی رابردوودا کارنامەیەکی چڕی بۆ کرانەوە بەرووی جیهاندا پەیڕەو کردووە.
تەنیا لە ساڵی ڕابردووەوە، فەرمانگەکە سەرکەوتوو بووە لە ناردنی زیاتر لە 80 رێکخراوی لۆکاڵی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی و مەیدانی رێکخراوە ناحکومییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان.