وردەکاریی گرێبەستە 90 ملیۆن دۆلارییەکەی نێوان بەغدا و واشنتن ئاشکرا کرا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندی نیشان داوە لەسەر گرێبەستێکی نوێ بۆ فرۆشتنی کەلوپەل و خزمەتگوزاریی سەربازی بە عێراق، کە بەهایەکەی دەگاتە 90 ملیۆن دۆلار و تایبەتە بە پەرەپێدانی سیستەمە ئەمنییەکانی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکاندا.

بە گوێرەی راپۆرتە سەربازییەکانی ( Army Technology )، ئەم گرێبەستە پشتگیریی لۆجستی و تەکنیکی بۆ  سیستەمەکانی (VACIS XPL) دابین دەکات، کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پشکنینی وردی ئۆتۆمبێلەکان بەکاریان دەهێنێت، هەروەها ئەم سیستەمانە توانای ناسینەوە و دۆزینەوەی چەک، تەقەمەنی، ماددەی هۆشبەر و ماددە مەترسیدارەکانی وەک (کیمیایی، بایۆلۆجی و ئەتۆمیان) هەیە.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، پرۆژەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتگوزارییەکانی "چاککردنەوە، دابینکردنی پارچەی یەدەگ، نوێکردنەوەی سۆفتوێر و چاودێریی 24 کاتژمێری" دەگرێتەوە، کۆمپانیای "لايدۆس" ی ئەمریکی وەک لایەنی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کارە ئەندازیارییەکان دەستنیشان کراوە.

لەم بارەیەوە ئاژانسی هاوکاریی ئەمنیی بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ووردەکاری ئەم گرێبەستە بە کۆنگرێس راگەیەندراوە و دیدگای ئەوانیش وایە کە ئەم هەنگاوە تواناکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو بەهێزتر دەکات و هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و توندوتۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و رێگریکردن لە کاری قاچاخی و هاتنی کەلوپەلی نایاسایی بۆ ناو وڵات.