پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنەکانی بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە

(وێنە؛ ئەرشیف) کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
(وێنە؛ ئەرشیف) کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا بڕیاریدا کارنامەی دانیشتنەکانی بە زمانی کوردی بڵاو بکاتەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان لە ساڵی 2005ەوە، سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی بەگوێرەی دەستوور دووەم زمانی فەرمییە لە عێراق، بەڵام کارنامەکان تەنیا بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرانەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان بۆ یەکەمجار بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. سەرچاوەیەکیش راگەیاند: "پەرلەمان بڕیاری داوە لەمەودوا بە شێوەیەکی پراکتیکی کارنامەی دانیشتنەکان بە زمانی کوردی بڵاوبکاتەوە."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی دانیشتنی داهاتوو، نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە؛ دانیشتنەکە رۆژی دووشەممەی داهاتوو کاتژمێر 11:00ـی بەیانی بەڕێوەدەچێت.

بڕگەکانی کارنامەکە بریتین لە؛ 

1- سوێندخواردنی چەند ئەندامێکی نوێی پەرلەمان.
2-دەنگدان لەسەر پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.

سەرەڕای چاوەڕوانییەکان، کارنامەی دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی تێدا نییە و تا ئێستا ئەو پرسە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.