حەسەکە؛ قۆناخی دووەمی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە جێبەجێ دەکرێت

دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی 14 خاڵی لە نێوان حکوومەتی نوێی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رەوشی شاری حەسەکە بەرەو سەقامگیری دەچێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا دوو قۆناخی رێککەوتنەکە جێبەجێ کراون و بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا سەرجەم رێکارەکان جێبەجێ بکرێن.

ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24، لە حەسەکە، رایگەیاند؛ رەوشی شارەکە ئاساییە و قۆناخەکانی یەکەم و دووەمی رێککەوتنی نێوان هەردوولا جێبەجێ کراون. لە قۆناخی یەکەمدا، هێزەکان چوونەتە نێو قامشلۆ و لە قۆناخی دووەمیشدا هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا لە نێو شار کشاونەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لە رێککەوتنەکەدا بۆیان دەستنیشان کراوە.

سەبارەت بە پێگەی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوا لە کۆبانێ و حەسەکە دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لە چیای کەوکەب، بارەگای وەزیرییە، تەل بێتەر (کە پێشتر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بوون) و چیای عەبدولعەزیز.

لە لایەکی دیکەوە، پارێزگاری نوێی حەسەکە بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکار بوو. لەو چوارچێوەیەدا مەروان عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند؛ بڕیاری دەستنیشانکردنی نورەددین ئەحمەد، وەک پارێزگاری حەسەکە، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە دەرچووە.

پێوەست بە پرسی هەڵکردنی ئاڵاکان لە شارەکە، ئەکرەم ساڵح گوتی: لەسەر باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە تەنیا ئاڵای سووریا هەڵکراوە، بەڵام لە گۆڕەپانی بەردەم باڵەخانەکە، ئاڵای کوردستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە داندراوە و شەکاوەیە.