ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی رادەگرێت

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکوومەت بۆ زیادکردنی باجی گومرگی دەکات و پێشنیار دەکات بۆ ماوەی 90 رۆژ پێداچوونەوەی تەواو بە نرخەکاندا بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی رێکخستنەوەی بازاڕ و بەرژەوەندیی گشتی.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژووی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاراستەی سەرۆکوەزیران کراوە، داوا کراوە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماوەی 90 رۆژ رابگیرێت.

 ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە دێت کە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی گومرگ و باج ئەنجامدراون بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی پێناسەی نوێی گومرگی لەسەر بازاڕەکانی عێراق.

لە نووسراوەکەدا پێشنیاز کراوە کە ڕێژەی 5% وەک باجی گومرگی بۆ سەرجەم ئەو ماددانە دیاری بکرێت کە لە بڕیارەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

 هەروەها بڕیارێکی گرنگ لە بەرژەوەندیی ژینگەدۆستی دراوە، ئەویش کەمکردنەوەی باجی گومرگییە لەسەر ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان لە 15%ـەوە بۆ تەنیا 5%. 

ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاراستنی ژینگە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی و هاندانی هاووڵاتییانە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە کەرتی گواستنەوەدا.