بەهۆی تێوەگلان لە دۆسیەی ئێپستن راوێژکارێکی باڵای سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی لە کار کێشایەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانی جێفری ئێپستن و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای بەریتانیا، راوێژکاری باڵای سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی لە کار کێشایەوە.

مۆرگان مکسوینی، راوێژکاری باڵای کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، لای خۆیەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بڕیاری دەستنیشانکردنی پیتەر ماندڵسن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمەریکا لە سەرەتاوە "هەڵە بووە" و ئاماژەی بەوەش دا، ماندڵسن زیانی بە ناوبانگی پارتی کرێکارانی بەریتانیا و خودی وڵاتەکەش گەیاندووە

هاوکات میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە، ماندڵسن لە مانگی شوبات تاوەکوو ئەیلوولی 2025 باڵیۆزی بەریتانیا بوو لە واشنتن، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی بە دۆسیەی ئێپستنەوە پۆستەکەی لەدەستدا.

دواتر و لە ژێر فشاری توندی رای گشتی و میدیاکاندا، لە 4ی شوباتی ئەمساڵدا ماندڵسن وازی لە پارتی کرێکاران هێنا و لە ئەندامییەتی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیاش کشایەوە.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دادی ئەمەریکا ژمارەیەک بەڵگە و فایلی نوێی لەسەر دۆسیەی جێفری ئێپستن بڵاو کردەوە و تێیدا ناوی پیتەر ماندڵسن، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمەریکای تێدابوو.

لای خۆیەوە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە پاش تێوەگلانی ماندڵسن لە دۆسیەکەدا، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە تەواوی قوربانیانی دۆسیەی ئێپستن کرد، لە بەرانبەر ئەوەی حکوومەتەکەی پێشتر ماندڵسنی بۆ پۆستێکی هەستیاری وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمەریکا دیاری کردبوو.