راوێژکاری ژوورە بازرگانییەکانی عێراق: حکوومەت بە بڕیارێکی هەڕەمەکی بازاڕی ئیفلیج کردووە

لە کاتێکدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و مانگرتن شارەکانی عێراقی گرتووەتەوە و بازاڕەکان بەتەواوی ئیفلیج بوون، حکوومەتی عێراق بە بڕیارێکی "هەڕەمەکی" باجی گومرگی بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز کردووەتەوە و بژێوی هاووڵاتییانی کردووەتە ئامانج. سەرەڕای داخستنی هەزاران دوکان، وەزیری بازرگانی عێراق ڕەتی دەکاتەوە بازاڕ پەکی کەوتبێت.

حکوومەتی عێراق بە سەپاندنی باجێکی قورس، کە تێچووی گومرگی یەک کۆنتێنەری لە 5 ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن دینار (10 هێندە) بەرزکردووەتەوە، گورزێکی گەورەی لە کەرتی بازرگانی و گیرفانی هاووڵاتییان وەشاندووە.

یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، حەسەن شێخ، راوێژکاری ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، سەبارەت بەم کارەساتە ئابوورییە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی لە پێنج ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن لەلایەن حکوومەتەوە بڕیارێکی هەڕەمەکییە و بازاڕی ئیفلیج کردووە، هەزاران کەسیشی بێکار کردووە.

جەختیشی کردەوە، بازرگانان رازی نین بەم بڕیارە و بەردەوام دەبین لە داخستنی دوکان و بازاڕەکان تا ئەوکاتەی حکوومەت بە بڕیارەکەیدا دەچێتەوە، چونکە لەم نێوانەدا قوربانیی سەرەکی هاووڵاتییانن.

لە دەرەنجامی ئەم سیاسەتە شکستخواردووەی بەغدا، بازاڕەکانی بەغدا، نەینەوا و بەسڕە مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاندووە و دوکانەکانیان داخستووە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک پەرلەمانتارێک ناچار بووە سکاڵا لە دژی خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار بکات.

محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، کە سکاڵای لەسەر سوودانی تۆمار کردووە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "لە دادگای فیدراڵی دژی پێناسی نوێی گومرگی سکاڵام تۆمار کردووە و بەگوێرەی بەرنامەی کاری دادگا، چوارشەممەی داهاتوو لەبارەی سکاڵاکەوە کۆدەبنەوە."

ئەو پەرلەمانتارە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی یاسای ژمارە 957ی ساڵی 2025 دەکات و گوتی: ئەم بڕیارە لە دژی بازرگان و هاووڵاتییانە، هەروەها جووڵەی بازرگانی لە بازاڕ سست دەکات.

سەرباری ئەم دۆخە شپرزەیە و هاواری بازرگانان، ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان کە نیشانەی بێ ئاگایی بەرپرسانی بەغدایە لە دۆخی خەڵک، ئیدیعای ئەوە دەکات کە نرخ لە بازاڕ بەرز نەبووەتەوە و رێگەش نادەن بەرز ببێتەوە، هەروەها هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ عێراق پەکی نەکەوتووە و بەردەوامە.

وەزیرەکە پاساو بۆ بڕیارەکە دەهێنێتەوە و بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان وەسفی دەکات و دەڵێت: سیستەمەکە لە زۆرینەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان چالاکە"، لە کاتێکدا واقیعەکە پێچەوانەیە و سیستەمە نوێیەکەیان بووەتە هۆی پەکخستنی ژیان و گوزەرانی خەڵک.

رۆژی شەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق، راگەینداروێکی بڵاوی کردبووە، تێیدا بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم بازرگانان و خاوەن کارەکان کرد بۆ مانگرتنی سەرانسەری و داخستنی بازاڕەکان لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمەڵەکە، بڕیارە هەڵمەتی داخستنی بازاڕە بازرگانییەکان دەست پێبکات و تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەم هەنگاوە وەک ناڕەزایەتییەک دێت بەرانبەر بە سەپاندنی باجی گومرگی نوێ و ئەو بارگرانییە داراییە زیادانەی خراونەتە سەر کەرتی بازرگانی.

هەروەها هەر ئەمڕۆ یەکشەممە،  لە شاری بەغدا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەلایەن کاسبکاران و دووکاندارانەوە دژی زیادکردنی باجی گومرگی دەستیپێکردووە.

خۆپشاندەران رایانگەیاندووە؛ سەپاندنی ئەم باجە نوێیە بووەتە هۆی سستبوونی کڕین و فرۆشتن و زیانی گەورەی بە بازاڕ گەیاندووە.