هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی سەرێکانی دەست پێدەکەن

لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دابینکردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئارام بۆ دانیشتووانی شارەکە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەکە دەبێت بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و پارێزراو بەڕێوە بچێت.

یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، لە پارێزگای حەسەکە، لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی راگەیەنراوێکی فەرمیی ئاراستەی رای گشتی و هاووڵاتییانی ئاوارە کرد و تێیدا روونی کردەوە کە بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی "گەڕانەوەی ئارام" بۆ سەر زێدی خۆیان دەکەن و لەو پێناوەشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگیدان بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو.

لیژنەکە دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە لە هەر پێشهاتێکی نوێدا بە فەرمی ئاگاداریان دەکەنەوە و ئەندامانی لیژنەکە خۆیان سەرپەرشتیی رێکارە کردەییەکانی رێکخستنی گەڕانەوەکە دەکەن. 

لیژنەکە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت پرۆسەکە "رێکخراو، دیراسەکراو و ئارام" بێت، بە جۆرێک سەلامەتیی هاووڵاتییان و کەرامەت و مافەکانیان پارێزراو بن. هەروەها هیواخوازن ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ گەڕانەوەی خەڵکی سەرێکانی و گوند و شارۆچکەکانی دیکە، ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت.

هێرشە سەربازییەکەی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هاوپەیمانی لە ئۆکتۆبەری 2019دا، کە بە ئۆپەراسیۆنی "کانیی ئاشتی" ناسراوە، بووە هۆی ئاوارەبوونی بەرفراوانی دانیشتووانی سەرێکانی و ناوچەکانی دەوروبەری.

بە پێی ئامارەکان، کۆی گشتیی ئاوارەکانی هەردوو ناوچەی سەرێکانی و گرێ سپی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە لە نێوان 100 هەزار بۆ 350 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشتر تۆماری کردبوو کە تەنیا لە 72 کاتژمێری یەکەمی هێرشەکەدا زیاتر لە 100 هەزار مەدەنی ئاوارە بوون، و لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا ژمارەکە بۆ 300 هەزار کەس بەرزبووەوە.

ئامارەکانی روانگەی سووری دەریدەخەن کە نزیکەی 87%ـی دانیشتووانی رەسەنی سەرێکانی بە زۆرەملێ کۆچپێکراون و زۆربەیان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە. ئێستا زیاتر لە 70 هەزار مەدەنی لە کەمپەکانی پارێزگای حەسەکە دەژین، دیارترینیان کەمپی "واشۆکانی"ـیە لە نزیک شارەدێی تەوینە، کە تایبەت بۆ ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی دروست کراوە. هەروەها بەشێکی دیکەی ئاوارەکان لە کەمپی "تل سەمن" و سەنتەرەکانی نیشتەجێبوون و کۆمەڵێک خانووی کرێ لە شارەکانی حەسەکە و تل تەمر نیشتەجێ بوون.

سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گرژی ناوچەکە و بڵاوبوونەوەی چەک رێگرن لە گەڕانەوەی ئارام. جگە لەوەش، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی ئاوارەکاندا گرتووە و وەک بارەگا یان شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی دیکە بەکاریان دەهێنن.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای راگرتنی سیاسەتی "گۆڕینی دیمۆگرافی" لە سەرێکانی دەکات و داوا دەکات گەڕانەوەی دانیشتووانی رەسەن بە شێوەیەکی ئارام و ئازادانە و لەژێر چاودێری و پاراستنی نێودەوڵەتیدا بێت.