بازاڕەکانی بەسرە داخران، بازرگانان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی گومرگ دەکەن

بازاڕەکانی پارێزگای بەسرە بەهۆی پێناسی نوێی گومرگییەوە ماگرتنیان راگەیاندووە، سوورن لەسەر ئەوەی تا حکوومەت بە بڕیارەکەیدا نەچێتە و پێناسی گومرگی دانەبەزێنێت دووکان ناکەنەوە.

کۆفرۆشێک دەڵێت؛ پێشیتر بۆ هەر کۆنتێنەرێک کە لە بەندەرەکانی بەسرەوە دەهاتە عێرق 3 ملیۆن دینار پێناسی گومرگیان دەدا، بەڵام ئێستا حکوومەت بڕەکەی بۆ 35 ملیۆن دینار زیادکردووە، ئەوەش کارەساتە چونکە دەبێت کەلوپەلەکان بە چەند هێندەی نرخی ئاسایی بفرۆشن.

بازاڕە ناوخۆییەکانی پارێزگای بەسرە داخستنی رێژەییان بەخۆیانەوە بینیوە، دوای ئەوەی خاوەن دووکان و بازرگانەکان دەرگای دووکانەکانیان داخست بەهۆی ئەو پێناسە گومرگییە نوێیەی بەسەریاندا سەپێنراوە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە. پێناسە گومرگییە نوێیەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی کەلوپەل هەبووە، باری سەرشانی هاووڵاتیانی قورس کردووە و وایکردووە کڕین بگاتە نزمترین ئاستی خۆی.

دووکاندارێک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە و مانگرتنی گشتیمان لە بەسرە راگەیاندووە، بەهۆی ئەو پێناسە گومرگیە زۆرەی بەسەرماندا سەپێنراوە، مانگرتن بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو پێناسە زۆرە دانەبەزێنرێت، ئێمە ماوەی 20 ساڵە لێرە دووکانمان هەیە و ناچارین بەشێک لە شاگردەکانمان بنێرینەوە ماڵەوە، چونکە گومرگی سەر هەندێکمان گەیشتووەتە 35 ملیۆن دینار، ئەوەش کارەساتە، دەمانەوێت حکوومەت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و ئەو پێناسە گومرگیە دابەزێنێت، چونکە زیانمەندی سەرەکی هاووڵاتیە.

بازرگانێک دەڵیت: بەناوی دووکاندارەکان و کۆفرۆشەکانەوە داوادەکەین کە حکوومەتی بەغدا بڕیارێکی بەپەلە بدات لەبارەی ئەو پێناسە گومرگیە نوێیەوە، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ئێمە پێشوازی لە مانگی رەمەزان و جەژن دەکەین، کەلوپەلەکانمان لە بەندەرەکانی بەسرە گیریانخواردووە و ناتوانن بیهێننە عێراق، گوتیشی، من 350 پارچە جلم بۆ خۆم هێناوە نزیکەی 350 هەزار دینار پارەی گواستنەوەم داوە، دەبێت هێندەی دیکەش پێناسی گومرگی بدەین.

بازرگان و خاوەن دووکانەکان جەخت دەکەنەوە، پێناسی نوێی گومرگی تێچووی هاوردەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە، ئەمەش وایکردووە نەتوانن بەگوێرەی پێویست شت هاوردە بکەن، توانای کڕینیشی لای هاووڵاتیان کەمکردووەتەوە، هۆشداریش دەدەن، گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دووکانی زیاتر دادەخرێن، ئەمەش کڕین و فرۆشتن و ژیانی هەزاران کەس توشی داڕمان دەکات.

دووکاندارێکی دیکە باس لەوە دەکات، ئێمە وەکو دووکانەکانی جلوبەرگ لە بەسرە، نزیکەی 100 دووکان دەبین و هەموومان مانگرتمان راگەیاندووە، هەریەکەمان پێنج شاگرد لامان کاردەکەن، بەڵام ناچاربووین بیانێرینەوە ماڵەوە بەهۆی پێناسی نوێی گومرگیەوە، پێشتر کۆنتێنەرێک دەگەیشتە بەسرە گومرگی سێ ملیۆن دینار بوو ئێستا داوای 35 ملیۆن دینارمان لێدەدەکەن، ئەی خۆمان بەچەند بیفرۆشێن؟ نرخەکان زۆر بەرز دەبنەوە.

لە کاتێکدا گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان رووی لەزیادبوونە، داخستنی دووکان و بازاڕەکان وایکردووە چالاکی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو داکشێت، خەڵک داوادەکەن رێکارە بازرگانییەکان بەجۆرێک دابڕێژرێن کە هاوسەنگی لەنێوان بازاڕ و بەهای دۆلا رابگیرێت ئەوەش لەپێناو دەستبەرکردنی بەردەوامیدان بە چالاکی بازاڕ، نەک ژیانی خەڵک و بازرگان بەئامانج بگرێت بەهۆی بڕیارێک کە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.