سەرنووسەری رۆژنامەی واشنتن پۆست دەستی لەکار کێشایەوە

دوای دەرکردنی نزیکەی 300 کارمەندانی و داخستنی نووسینگەکانی لە دەرەوەی وڵات، ویڵ لویس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رۆژنامەی "واشنتن پۆست" دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند؛ ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەکە لەژێر خاوەندارێتی جێف بیزۆسدا، بەهۆی دەستوەردانی سیاسی و زیانە داراییە گەورەکانەوە، لە قووڵترین قەیرانی متمانە و دارایی مێژووی خۆیدایە.

تەنیا سێ رۆژ دوای بڕیاری دەرکردنی سێیەکی کارمەندانی رۆژنامەکە و داخستنی چەندین بەشی گرنگ لەلایەن خاوەنە ملیاردێرەکەیەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، ویڵ لویس، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رۆژنامەی واشنتن پۆست دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، کە بە رەچەڵەک بەریتانییە و لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە پۆستەکەی وەرگرتبوو، هاوکات بەپێی راگەیەندراوی رۆژنامەکە، دەستبەجێ جێف دی ئۆنۆفریۆ، بەڕێوەبەری دارایی رۆژنامەکە وەک سەرنووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار بەوەکالەت دیاری کراوە.

ئەم گۆڕانکارییە لەپڕە لە سەرۆکایەتیی رۆژنامەکەدا، دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە رۆژنامەکە هەڵمەتێکی گەورەی دەرکردنی کارمەندانی ئەنجام دا و نزیکەی 300 رۆژنامەنووس و کارمەند، کە دەکاتە سێیەکی هێزی کار لە رۆژنامەکەدا، دەرکران. بەهۆی ئەم بڕیارەوە تەواوی بەشی وەرزشی و نووسینگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا داخران و بەشەکانی گرافیک و وێنەگرتن و هەواڵە خۆجێییەکان زۆر کەمکرانەوە.

رۆژنامەکە لەژێر خاوەندارێتی جێف بیزۆس خاوەنی کۆمپانیای ئەمەزۆن تووشی قەیرانی دارایی و متمانە بووەتەوە. دوای ئەوەی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا بیزۆس رێگری کرد لەوەی رۆژنامەکە پشتگیری کامالا هاریس بکات، نزیکەی 250 هەزار بەشداربوو بەشدارییەکەیان هەڵوەشاندەوە و لە ساڵی 2024دا رۆژنامەکە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە. چاودێران ئەم هەنگاوەی بیزۆس وەک ملکەچبوون بۆ دۆناڵد ترەمپ و تێکشکاندنی سەربەخۆیی رۆژنامەکە لێکدەدەنەوە.

مارتی بارۆن، سەرنووسەری پێشووی واشنتن پۆست دۆخەکە بە یەکێک لە سەخترین رۆژەکان لە مێژووی ئەم دامەزراوە گەورەیە وەسف دەکات، هاوکات سەدان کارمەندیش لەبەردەم باڵەخانەی رۆژنامەکە لە واشنتن گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دژی سیاسەتەکانی بیزۆس و لویس ئەنجام دا.