لە رووداوێکی هاتوچۆدا 30 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە ویلایەتی کانۆی باکووری نێجیریا بووە هۆی گیان لەدەستدانی 30 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، بەرپرسانی ناوچەکەش هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بۆ خێرایی و لێخوڕینی سەرکێشانە دەگێڕنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی لە ویلایەتی کانۆی نێجیریا رایانگەیاند: رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا روویداوە. 

بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی حکوومەتی ویلایەتەکە، بارهەڵگرەکە بەهۆی لێخوڕینی بێباکانە و سەرکێشیی شۆفێرەکەیەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بە توندی کێشاوێتی بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرانبەریدا، لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، کە باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە وڵاتی نێجیریا بە یەکێک لە سەختترین گرفتەکان دادەندرێن، چونکە زۆرینەی ڕێگەوبانەکان چاکسازییان بۆ نەکراوە و یاساکانی لێخوڕینیش وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی سەلامەتیی هاتووچۆ، تەنیا لە ساڵی 2023دا، نزیکەی 9750 رووداوی هاتووچۆ لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە تۆمار کراون، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 5421 کەس، ئەم داتایانە مەترسیی بەردەوامی رێگاکانی نێجیریا دەردەخەن کە ساڵانە هەزاران خێزان تووشی ماڵوێرانی دەکەن.