روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە نرخی یەکەی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و بەرزبوونەوەی بڕی پسوڵەکانیش بۆ درێژبوونەوەی ماوەی خوێندنەوەی پێوەرەکان و زیادبوونی بەکارهێنان لە وەرزی سەرمادا دەگەڕێتەوە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە حکوومەت خەریکی دۆزینەوەی رێگایە بۆ سووککردنی بارگرانیی دارایی سەر شانی هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026، وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا هاووڵاتیانی دڵنیا کردەوە کە هیچ زیادکردنێک لە نرخی کارەبای رووناکیدا نەکراوە و ژێرخانی تەکنیکیی پێوەرە زیرەکەکان هیچ گرفتێکیان نییە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی کانوونی دووەم هەمیشە وەک وادەی زۆرترین خواست لەسەر وزە تۆمار کراوە، بەڵام ئەم زستانە بەهۆی نائاساییبوونی سەرما و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئاستی بەکارهێنان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکانی روونکردنەوەکە تایبەت بوو بە کارەبای بەردەوام، کە تێیدا هاتووە ئەمساڵ یەکەمین زستانە زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر بڕی بەکارهێنانی وزە.
سەبارەت بە پسولە نوێیەکان، وەزارەت روونی کردەوە، بەهۆی پڕۆسەی گواستنەوە لە سیستەمەکاندا، خوێندنەوەی پێوەرەکان ماوەیەکی درێژتری خایاندووە کە بە تێکڕا گەیشتووەتە 46 ڕۆژ، ئەمەش وای کردووە بڕی پارەکە لە پسوڵەکاندا زیاتر دەربکەوێت، هەرچەندە درێژیی ئەم خولە هیچ جیاوازییەکی لە تێچووی ڕۆژانەی کارەبای هاوبەشان دروست نەکردووە.
وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رژدی بەدواداچوون بۆ رێگاکانی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر هاووڵاتیان دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پلانەکانەوە هاوسەنگی لە نێوان دابینکردنی خزمەتگوزاری و توانای دارایی هاووڵاتیاندا دروست بکات.