جوتیار عادل: شاندێکی حکوومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، هەروەها خەرجیی سەروەری لە عێراق نزیکەی 400%زیادیکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند: هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی بودجە دەستووری و یاسای نییە، حکوومەتی عێراق بەردەوام فێڵی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

جوتیار عادل گوتیشی: هەرێمی کوردستان ساڵانە 1.6 ترلیۆن دینار وەک نەفەقەی سیادی دەداتە بەغدا، هەروەها ساڵ بە ساڵ ئەم نەفەیە سیادییە زیادیکردووە، تەنانەت بە رێژەی 400%زیادیکردووە، خەرجیی سەروەری لە عێراق نزیکەی  %400زیادیکردووە، زەرەرمەندی یەکەم هەرێمی کوردستانە، هاوکات شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری دەچێتە بەغدا، پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامی سەرژمێری ساڵی رابردوو دیاری بکرێت.

هەروەها باسی لەوەش کرد، بەردەوام بابەتی مووچە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام پێویستە داهات ببێتە بنەمای سەرەکی بودجەی پارێزگاکان، هەروەها ژمارەی دانیشتووان بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و نەخشەڕێگەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.