گوتەبێژی هەسەدە: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیرێت، رێککەوتنەکە شکست دەهێنێت
هەسەدە جەخت دەکاتەوە، بەردەوامیی گەمارۆی سەر کۆبانێ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق هەڵدەوەشێنێتەوە.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداریی دا؛ گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ هەڵنەگیرێت، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا شکست دەهێنێت.
شامی لە لێدوانێکی فەرمیدا رایگەیاند، بەردەوامیی گەمارۆکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتننامەیەی مانگی رابردوو لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرا.
گوتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی سووریا نیازی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزە کوردییەکانی هەبوو. ئامانج لەو هەوڵە بێپارێزگارکردنی گەلی کورد بوو لە رۆژئاوای کوردستان.
بە گوتەی شامی، رێککەوتننامەی ئێستا هێزی کوردی وەک پارێزەری ناوچەکە هێشتەوە. ئەو دەستکەوتە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلە. شامی دوپاتی کردەوە؛ بەبێ ئەو قوربانیدانە ئێستا ناوی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەدەما.
فەرهاد شامی باسی لەوەش کرد، هەندێک گرووپی نزیک لە دیمەشق کار بۆ تێکدانی رێککەوتنەکە دەکەن. هەسەدە پابەندیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان نیشان دەدات، بەڵام داوای هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە 2ی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە؛. ئەم رێککەوتنە نوێیە کە بە "گشتگیر" وەسف کراوە، دوای زنجیرەیەک دانوستانی چڕ دێت کە بە نێوەندگیری چەند لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا. ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان ناویان بردووە.
رێککەوتنەکە دوای گرژی و پێکدادانی سەربازی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە هات، کە بووە هۆی نیگەرانی نێودەوڵەتی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا و هێزەکانی ئاسایشیش دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی بە فەرمی دەکرێت و دامەزراوەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر دەبنە بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.