لە سەنگافورە فڕۆكەی تەكسی بەرهەم دەهێنرێت

 لە گەورەترین پێشانگای فڕۆکەوانی و بەرگریی ئاسمانی لە ئاسیا، چاوی هەمووان لەسەر داهێنانە نوێیەکانی بواری "تاکسیی فڕیو" یان "تاکسیی ئاسمانی" بوو. ئەم ئۆتۆمبێلە فڕیوانە بە تەواوی کارەبایین و چیتر خەون و خەیاڵ نین؛ لە ئاستی جیهانیدا بەرەو ئەوە دەچن ببنە بەشێک لە سیستەمی گواستنەوەی رۆژانە.

لە پێشانگای سەنگافورە، هەزاران کەس سەردانی بەشی تایبەت بەم فڕۆکە نوێیانەیان کرد، ناسراو بە "eVTOL" (فڕۆکەی کارەبایی بە هەڵفرینی ستوونی). کۆمپانیا پێشەنگەکانی وەک "Wisk Aero"ـی سەر بە کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکا و "Vertical Aerospace"ی بەریتانی، نوێترین بەرهەمەکانیان خستەڕوو.

فیل سوینسبورگ، بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمپانیای Wisk رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فڕۆکانە، دابینکردنی گەشتێکی رۆژانەی سەلامەتە بۆ هەمووان. مەبەستیانە جەنجاڵیی ناو شارەکان کەم بکەنەوە. ئەم فڕۆکانە بە تەواوی کارەبایین و بەشێوەیەکی خۆکار (ئۆتۆنۆمۆس) کار دەکەن؛ ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەیانە.

کۆمپانیای Wisk مۆدێلی Generation 6ـی خۆی نمایش کرد؛ توانای گواستنەوەی چوار سەرنشینی هەیە و دەتوانێت بە خێرایی نزیکەی 190 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت.

ستیورات سیمپسن، نوێنەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Vertical Aerospace ئاماژە بەوە دەدات، ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر لێواری بوون بە ڕاستییەکی جیهانییە. بە گوتەی ئەو، بابەتەکە تەنیا تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکوو پێویستی بە رێنمایی و ژێرخانی گونجاو هەیە.

سیمپسن پێی وایە ئاسیا دەبێتە گەورەترین بازاڕ بۆ ئەم جۆرە گواستنەوەیە، هۆکارەکەشی بوونی شارە زەبەلاح و قەرەباڵغەکانە. بۆ چارەسەری کێشەی هاتوچۆی ئەم شارانە، فڕینی نزم بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە دروستکردنی شەقام و تونێلی نوێ بکات و تێچوویەکی زۆر بخاتە سەر حکوومەت.

کۆمپانیای Vertical Aerospace لەم دواییانەدا لە سەنگافورە رێککەوتنێکی بۆ تاقیکردنەوەی "تاکسیی ئاسمانی" و گەیاندنی فریاگوزارییە پزیشکییەکان واژۆ کردووە. فڕۆکەی Valoـی ئەم کۆمپانیایە سەرەتا 4 سەرنشین هەڵدەگرێت و دواتر بۆ 6 سەرنشین فراوان دەکرێت؛ هەروەها شوێنی تایبەتی بۆ جانتای گەشتیاری تێدایە.

بەپێی راپۆرتەکان، ئەم فڕۆکانە وەک هێلیکۆپتەر بەشێوەی ستوونی هەڵدەفڕن و دەنیشنەوە، خێراییان دەگاتە 320 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەتوانن بە یەک جار شەحنکردنەوە مەودای 160 کیلۆمەتر ببڕن.

هەرچەندە هێشتا وادەیەکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی گشتیی ئەم تاکسییە ئاسمانییانە نییە، بەڵام پێشانگای سەنگافورە سەلماندی شۆڕشی گواستنەوەی ئاسمانی لەناو شارەکاندا زۆر نزیکە؛ تەنیا ماوەتەوە رێکارە یاسایی و ژێرخانییەکان جێبەجێ بکرێن تا بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.