دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا

دانیشتنی دادگا تایبەت بە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی شوێنی دادگاییکردنەکە، بڕیاری دواخستنی بۆ مانگی داهاتوو درا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، دانا حەمە تەقێدین، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا تەنیا 20 خولەکی خایاندووە و تێیدا دادوەر بڕیاریداوە دانیشتنەکە بۆ رۆژی 9ـی ئاداری 2026 دوا بخات."

سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە، پارێزەرەکە گوتی: دادگا چاوەڕێی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە، تاوەکوو بڕیار بدرێت کە ئایا لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکەی کەیسەکە لە شاری سلێمانی دادگایی دەکرێن یان لە شاری هەولێر.