مەسرور بارزانی: پارتی دەیەوێت لەماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێکبهێنرێت
ئەمڕۆ سێسەممە، 10ـی شوباتی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێمان باشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پێکبهێنرێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستاندایە.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستا شتێکی نوێ نەبووە، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی پێمان باشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پێکبێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستانە. ئەمە روانگەی پارتیش بووە، چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە و دیسانیش دەڵێینەوە، پارتی دەیەوێت حکوومەت لە ماوەیەکی نزیکدا پێکبهێنرێت و ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن و ئەنجامی دەنگی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتووی سەرتاسەری لە هەموو کوردستاندا.
سەبارەت بە پڕۆژەی (ئی-پسوولە) و چاکسازیی دیجیتاڵی
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا، ئی پسوولە بەشێکە لەو بەرنامە چاکسازییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە دەستی پێکردووە، وەک لە پانێڵەکەشدا باسم کرد، پێویستمان بە ژێرخانێکی ئابووری هەبوو کە تێیدا هەر هاووڵاتییەک لە کوردستان، چ فەرمانبەری حکوومەت بێت یان لە کەرتی تایبەت، ببێتە خاوەن هەژماری بانکی خۆی، ئەمە بۆ ئەوەیە بتوانن خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە سێکتەری بانکی و لە پڕۆژەیەکی وەک ئی پسوولەدا جێگیر بکەن. ئەمە هەم خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر دەکات و هەم ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتی تا بتوانێت لە کاتی خۆیدا پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، یان هەر شتێکی تر وەک وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆ بدات. ئەمە بەرچاوڕوونی بۆ حکوومەت و شەفافییەتێکی زیاتر لە داهات و خەرجییەکاندا دروست دەکات.
سەبارەت بە مووچە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا
مەسرور بارزانی رایگەیاند، سەبارەت بە مووچەکان، ئێمە هەمیشە دەمانەوێت بە هاووڵاتییان بڵێین کە داکۆکیکار دەبین لەسەر هەموو مافە شایستەکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام وەک خۆتان دەزانن، ماوەیەکی زۆرە بابەتی پێدانی مووچە لە دەستی بەغدایە. دەبێت بەغدا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق جێبەجێ بکات و جیاوازی نەکات. هیوادارم ئەو پابەندبوونەی خۆیان بە دەستوور پێشێل نەکەن و بەردەوام بن لە پێدانی مووچەکان و ئیشەڵڵا نافەوتێت، بەڵام بە ڕاستی دەبێت بەغدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
سەبارەت بە کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ کاندیدێکی هاوبەش، هەرچەندە پێمان خۆشە کاندیدەکە، کاندیدی کوردستان و پێکهاتەی کورد بێت نەک لایەنێک، پێشنیازی ئێمە ئەوە بووە کە زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق یان لە رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە کاندیدێک دەستنیشان بکەن کە ببێتە کاندیدی هەموو کوردستان و پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
دیدگا بۆ داهاتووی کەرتی دیجیتاڵی
مسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، ئەم بەرنامەیەمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە. ئامانجمان تەنیا پێدانی پارەی کارەبا و ئاو نییە، بەڵکو مەبەستمان پێشخستنی کەرتی دیجیتاڵی، ئابووری و داراییە لە هەموو کوردستاندا. لە ماوەی داهاتوودا دەبینن کە زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی تریش تێکەڵی سیستەمی ئێپسوڵە دەکرێن.