ئاسایشی هەولێر عەلی مام بەکری تیکتۆکچی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تیکتۆکچییەکی ناسراوی شارەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، دەستگیرکردنەکە بە فەرمانی دادوەر و بە تۆمەتی تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی ناڕەزایەتی لای هاووڵاتییان بووە.

چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، عەلی مام بەکر، تیکتۆکچیی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستگیر کردووە.

لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکە، ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە کە ناوبراو تۆمەتبارە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەروەها تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی ئەو ناوەڕۆکانەی بڵاوی کردوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو تیکتۆکچییە هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرانبەر گیراوەتە بەر.