دوای کۆبوونەوە باڵاکەی پیرمام؛ گرێکوێرەی سەرۆککۆمار نەکرایەوە
لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوە باڵاکەی پیرمام بوون، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاوی ساردی بەو دەنگۆیانەدا کرد کە باس لە رێککەوتنی کۆتایی دەکەن لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و رایگەیاند: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو زانیارییانەی رەت کردەوە کە ئاماژە بە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی دەکەن لە نێوان پارتی و یەکێتی سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
ئەمڕۆ لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان شاندی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزب بەڕێوەچوو. هەرچەندە میدیاکان پێشبینیی راگەیاندنی رێککەوتنیان دەکرد، بەڵام سەرچاوەکەی پارتی راشکاوانە رایگەیاند: "تا ئەم ساتە هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە واژۆ نەکراوە و هەر هەواڵێک لەم بارەیەوە بڵاو کرابێتەوە، دوورە لە راستییەوە."
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، کرۆکی ناکۆکییەکان یان خاڵی یەکلانەبووەوە پەیوەستە بە تێڕوانینی جیاوازی هەردوولا بۆ شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگری لەسەر ستراتیژیی "جیاکردنەوەی دۆسیەکان" دەکات؛ بەو واتایەی نابێت پۆستەکانی بەغدا (بە تایبەت سەرۆککۆمار) تێکەڵ بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن، بەڵکو دەبێت وەک دوو دۆسیەی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
هەرچەندە کەشوهەوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەرێنی بووە و هەردوو لا خواستی خۆیان بۆ چارەکردنی کێشەکان نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا کۆدەنگی لەسەر "کاندیدێکی هاوبەش" دروست نەبووە.
ئەم دۆخەی ئێستا ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی خولی پێشوو بەهێز دەکات؛ واتە ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە سازان، پەنا دەبرێتە بەر "کاندیدی سێیەم" یان ململانێی دیموکراسی لە ناو هۆڵی پەرلەمان، هاوشێوەی ئەو ئەزموونەی لە رابردوودا بینرا.
پێشتریش ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوە دابوو کە لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوودا چەندین پێشنیاز گەڵاڵە کراون و ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا کراون بۆ بڕیاردان، بەڵام دیارە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی گرێکوێرەی سەرۆککۆمار و کابینەی دەیەم بە یەکەوە یان بە جیا بکرێنەوە.