ناتانیاهۆ بە فەرمی چووە نێو دەستەی ئاشتیی غەززە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن واژۆی لەسەر ئەندامێتیی دەستەی باڵای ئاشتی لە غەززە کرد هاوکات دکتۆر عەلی شەعس وەک سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە دیاری کرا.

رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بەگوێرەی هەژماری فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، ناتانیاهۆ لەو دیدارەدا بە فەرمی رێککەوتننامەی پەیوەست بە دەستەی ئاشتیی غەززەی واژۆ کردووە و بووەتە ئەندام لە دەستەی باڵای ئاشتی.

رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆمیسیۆنی ئاشتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش پێدەچێت ناتانیاهۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە واشنتن، هەرچەندە هێشتا وادەی کۆتایی کۆبوونەوەکە جێگیر نەکراوە.

ئەم هەنگاوانە بەشێکن لەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئایندەی غەززە پێشکەشی کردووە. بەپێی پلانەکە، کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی بە ناوی کۆمیسیۆنی ئاشتی سەرپەرشتیی ئیدارەی کاتیی کەرتی غەززە دەکات.

هاوکات کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە بە سەرۆکایەتیی دکتۆر عەلی شەعس پێکهێنراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوە گشتییەکان، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دروستکردنی ژێرخانی حوکمڕانیی ناوخۆیی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەستەی جێبەجێکاری کۆمیسیۆنەکە لەم کەسایەتییە دیارانە پێکهاتووە: مارکۆ روبیو، ستیڤ ویتکۆف، جێرد کوشنەر، تۆنی بلێر، مارک رۆئن، ئاجی بانگا و رۆبەرت گابرێڵ. ئامانجی سەرەکیی ئەم گرووپە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان و بنیاتنانی توانای حوکمڕانی لە کەرتی غەززە.