وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بارەی لێدوانەکانی فیدان روونکردنەوە دەدات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رەتی دەکاتەوە دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق کردبێت و رایدەگەیەنێت، لێدوانەکانی هاکان فیدان لە لایەن میدیاکانی عێراقەوە بە هەڵە شرۆڤە کراون و شێوێندراون.

چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە بارەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەشێک لە لێدوانەکانی فیدان لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە 9ـی شوبات، لە لایەن هەندێک دەزگای راگەیاندنی عێراقەوە شێوێندراون.

گوتەبێژەکە باسی لەوەش کردووە، "لێدوانەکانی فیدان لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە هاوکاریی هاوبەش بووە و مەبەست لێی راکێشانی سەرنج بووە بۆ ئەو مەترسییەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی عێراق و ئاسایشەکەی دروستی کردووە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی شەنگال، مەخموور و قەندیل کە تیایدا جێگیر بوون."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەتی دەکاتەوە ئەو لێدوانانە وەک "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق" وێنا بکرێن و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان لە هەموو دەرفەتێکدا ئامانجیان بەرەوپێشبردنی هاوکاریی دامەزراوەیی و بنیاتنەرە لەگەڵ عێراق، بە تایبەت لە بواری ئاسایشدا.

دەشڵێت: "بەو بۆنەیەوە، پشتیوانیی تورکیا بۆ سەروەریی عێراقی دراوسێمان دووپات دەکەینەوە."