سیروان محەممەد: عێراق بە پلان دەستکاریی داتاکانی سەرژمێری کردووە

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا بە مەبەستی سیاسی دەستکاریی ئەنجامەکانی سەرژمێریی کردووە و دەیەوێت وەک ئەمری واقیع بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا بیسەپێنێت و بە پلان دەستکاریی داتاکانی کردووە.

چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، وردەکاریی مەترسیداری لەبارەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵ دەزانێت ئەو ئەنجامانە دەبنە بنەما بۆ پرسە چارەنووسسازەکانی وەک بودجە، هەڵبژاردن و دیاریکردنی کورسییەکان، بۆیە بە پلان دەستکاریی داتاکانی کردووە تاوەکوو لە داهاتوودا وەک ئەمری واقیع بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە جێناکۆکەکان) بیسەپێنن.

سەبارەت بە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، سیروان محەممەد گوتی: ئەو رێژەیەی عێراق وەک خەمڵاندن بڵاوی کردووەتەوە کە 12.67%ـە، دوورە لە راستییەوە. بەپێی داتاکانی ئێمە رێژەکە 14.14%ـە بەبێ هەژمارکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

روونیشی کردەوە، ئەگەر ئەو ناوچە کوردستانییانەی ئێستا لەژێر ئیدارەی حکوومەتی هەرێمدان هەژمار بکرێن، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم حەوت ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت. ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق بەپێچەوانەی بڕگە یاساییەکان، ئاوارە و پەنابەرەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی لەسەر پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەژمار کردووە.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای کرد، وەزارەتی پلاندانانی عێراق تەنیا نیشاندەرەکانی داوەتە هەرێم و داتا وردەکانی شاردووەتەوە. گوتیشی: سەرەڕای کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و بڕیاری بەشداریکردنی ئێمە، بەڵام عێراق هیچ کام لە بڕیارەکانی جێبەجێ نەکرد؛ نە بودجەیان نارد، نە داتاکانیان بەستەوە ، نە سەنتەری داتایان دروست کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە هێشتا کۆپییەکی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان لایە کە دەڵێت: نابێت ئەنجامەکان رابگەیەندرێن تاوەکوو بەستنەوەی داتاکان دەکرێت، بەڵام بەغدا پابەند نەبووە.

سیروان محەممەد داوای لە پەرلەمانتارانی کورد و لایەنە سیاسییەکان کرد کە رێگە نەدەن لە دیاریکردنی بودجەدا کار بەو ئەنجامە دەستکاریکراوانە بکرێت و دەبێت ئەم پێشێلکارییانە بکرێنە مەرجی سەرەکی بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق، چونکە ئەمە مەترسییەکی جددییە لەسەر داهاتووی کوردستان.