مەلا بەختیار: پارتی بە سەنگینی سیاسەت دەکات
مەلا بەختیار ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی کورد و بە "گەورەی نەتەوەی کورد" ناوی برد، داواشی لێ کرد، پۆستی سەرۆککۆمار بدات بە یەکێتی. هاوکات لە بارەی بافڵ تاڵەبانییەوەش گوتی: "هەرگیز بافڵم وەک سەرۆکی یەکێتی قبووڵ نەبووە". جەختی لەوەش کردەوە رێککەوتنی ئێستای نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، "رێککەوتنێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو تاکتیکێکی سیاسییە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، مەلا بەختیار، کەسایەتییەکی سیاسیی کورد، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی کوردستان24، شرۆڤەیەکی قوڵی جیۆپۆڵەتیکی و نەتەوەیی بۆ دۆخی هەنووکەیی کوردستان، عێراق و ناوچەکە خستە روو. ناوبراو لەم دیمانەیەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێگەی "مەرجەعییەت"ـی سەرۆک بارزانی، هۆشداریدا لە دەرەنجامەکانی نەبوونی گوتارێکی هاوبەش لە بەغدا و مەترسییەکانی سەرژمێری.
سەرۆک بارزانی؛ چەقی چارەسەر و مەرجەعی نەتەوەیی
لە دەستپێکی خوێندنەوەکەیدا بۆ دۆخی نەتەوەیی، مەلا بەختیار بە راشکاوی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک "گەورەی نەتەوەی کورد" وەسف کرد. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە رۆڵی سەرۆک بارزانی تەنیا لە باشووری کوردستان قەتیس نییە، بەڵکو کێشەکانی باکوور، رۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێویستیان بە حیکمەتی ئەوە.
مەلا بەختیار گوتی: "کێشەکانی باشوور تەنیا لەلای جەنابی کاک مەسعود چارەسەر دەکرێن، تەنانەت بۆ بەشەکانی دیکەش هەرێمی کوردستان و بەڕێزیان دەبنە فریادرەس. ئەو کۆبوونەوە ستراتیژیانەی لە پیرمام لە بارەی رۆژئاوای کوردستان، کە بە سەرپەرشتی بەڕێزیان ئەنجامدران، ئەگەر نەکرابان، کورد زیانی گەورەی دەکرد."
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ساڵح موسلیم، پێشنیاری کردووە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و سەرۆک بارزانی بکرێتە سەرۆکی نەتەوەیی، مەلا بەختیار پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و داوای کرد پێش بەستنی کۆنگرە، وردەکارییەکان و بەرنامەی هاوبەش ئامادە بکرێن.
ڕۆژئاوای کوردستان؛ رزگاربوون لە شکست و ستراتیژی نوێ
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، مەلا بەختیار گەشبینیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا کورد لە رۆژئاوا لە لێواری شکستێکی گەورە رزگاری دەبێت." ئەو هۆکاری ئەم سەرکەوتنەی بۆ هەڵوێستی یەکگرتووی نەتەوەیی و خۆڕاگریی جەماوەر گەڕاندەوە.
بە بڕوای مەلا بەختیار، تورکیا چیتر وەک جاران مامەڵە ناکات و نەیتوانی دەستێوەردانی سەربازی بکات، چونکە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە و ئەنقەرە تێگەیشتووە کە قووڵبوونەوەی کێشەکان لە رۆژئاوا، پرۆسەی چارەسەری لە باکووریش لەبار دەبات.
ناوبراو پێشنیاری کرد، کە شاندێکی باڵای رۆژئاوا سەردانی ئەمریکا و ئەوروپا بکەن و دڵنیایی بدەن کە ئەگەر مافی کورد بدرێت لە رۆژئاوای، ئەوا کورد نابێتە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی سووریا و بەرژەوەندییە هەرێمییەکان."
دۆسیەی باکوور و بڕیارەکەی ئۆجەلان
مەلا بەختیار ستایشی هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد و بە "بڕیارێکی دروست لە کاتێکی گونجاودا" وەسفی کرد، بەڵام رەخنەی لە دەوڵەتی تورکیا گرت کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە. ئەو جەختی کردەوە کە "بەبێ چارەسەری دۆزی کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێت."
جیۆپۆڵەتیکی جیهانی و سەردەمی ترەمپ
لە بارەی دۆخی جیهانییەوە، ئەو سیاسەتمەدارە پێی وایە جیهان بەرەو "جەنگی ساردی دووەم" دەڕوات بەڵام بە شێوازێکی جیاواز. سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مەلا بەختیار گوتی: "ترەمپ نوێنەرایەتی قۆناغی 'پۆست-ئیمپریالیزم' دەکات و بە ئاشکرا دەڵێت ئاشتی بە زۆر دەسەپێنم. ئەو مەرکەزییەتی حوکومەتی سوریای بەلاوە گرنگە و هەمان دیدگەشی بۆ عێراق هەیە."
گرێکوێرەی سەرۆککۆمار؛ پەیامێک بۆ سەرۆک بارزانی و پارتی
لە تەوەرێکی دیکەی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، مەلا بەختیار رایگەیاند تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر سەرۆککۆمار نییە و بۆچوونەکان لێک دوورن. ئەو داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە بە "گەورەیی خۆی" دۆسیەی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە.
ئەو گوتی: "ئەگەر سەرۆککۆمار بدرێتە یەکێتی، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. لە رابردوودا چوار سەرۆککۆمار لای یەکێتی بوون، هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕا و ئێستا پارتی بووە بە حزبی یەکەمی عێراق. پارتی خاوەنی سیاسەتێکی 'سەنگین'ـە لە بڕیارداندا و هەر ئەوەش وایکردووە براوە بێت."
ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەترسیی سەرژمێری
سەبارەت بە دۆخی بەغدا، مەلا بەختیار تیشکی خستە سەر ململانێی نێوان مالیکی و سوودانی. ئاشکرای کرد کە سەرەڕای بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کاندیدکردنی مالیکی، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی ترەمپەوە بابەتەکە یەکلایی نەبووەتەوە و پێویستە لیژنەیەکی نهێنی شیعەکان سەردانی ئەمریکا بکەن بۆ چارەسەری ئەم پرسە.
بە بڕوای ئەو، سوودانی بەهێزترین کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە حاڵەتی کشانەوەی مالیکدا.
هاوکات، مەلا بەختیار هۆشداریدا لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووان و بە "مەترسیدار" وەسفی کرد. ئەو ڕایگەیاند: "ئەمە هەوڵێکە بۆ لەقاڵبدانی کورد بە ژمارە و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب."
نهێنییەکانی کاندیدبوونی و گلەیی لە "غەدر"
مەلا بەختیار پەردەی لەسەر وردەکاریی کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لادا و رایگەیاند کە قوربانیی پیلانێک بە بیانووی بڕوانامە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر فشاری یەکێتیش نەبووایە دەبووە کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار.
ئەو گوتی: "من بەڵێنم لە لایەنە عێراقییەکان، بە تایبەت شیعەکان وەرگرتبوو کە لە گەڕی یەکەم دەمکەنە سەرۆککۆمار. ئەو بڕوانامەیەی هەمە تا ساڵی 2013 دانپێدانراو بووە، بەڵام ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دان بە زانکۆکەدا نانێن. من غەدرم لێکرا و بوختانم پێکرا، بەڵام دەیکەمە قوربانی کێلی یەک شەهید."
پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و رەخنە لە بافڵ تاڵەبانی
مەلا بەختیار هەڵوێستی خۆی بەرانبەر سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی روون کردەوە. ناوبراو رەخنەی لە سیاسەتەکانی بافڵ تاڵەبانی گرت و گوتی: "هەرگیز بافڵم وەک سەرۆکی یەکێتی قبووڵ نەبووە."
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، مەلا بەختیار گوتی: "ئەوە رێککەوتنێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو تاکتیکێکی سیاسییە."
مەلا بەختیار پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی هەموو لایەک کرد و گوتی: "بەبێ ڕەزامەندیی هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی)، لە داهاتوودا هیچ پۆستێک لە عێراق وەرناگرم و نابمە بەشێک لە پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد."