مەترسیدارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکرا
دەسەڵاتدارانی عێراق دەستگیرکردنی کازم حەمەد حەجەمییان راگەیاند، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانانی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان و بە ئامانجی ژمارە یەکی پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا دادەنرێت.
حەجەمی لە ساڵی 2023لە ئوسترالیاوە دیپۆرتی عێراق کرابووەوە، ئێستا لە عێراق دەستبەسەرە. پۆلیسی ئوسترالیا وێنەیەکی دەستگیرکردنی ناوبراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند؛ دەستگیرکردنی ئەم سەرکردە تاوانبارە بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و تێکچوونی ریزەکانی باندەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، حەجەمی ناسراو بە کازم مەلیک، بازرگانی سەرەکیی جەنگەکانی تووتن بووە لە شاری مێلبۆرن و تۆمەتبارە بە رێکخستنی زنجیرەیەک هێرشی بۆمبی ئاگرین و زەوتکردنی پارە لە ژێر ناوی "باجی کازم".
کریسی بارێت، کۆمیساری پۆلیسی ئوسترالیا، جەختی کردەوە، هەرچەندە حەمەد دەستگیرکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کارمێن بەردەوامن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تۆڕە تاوانکارییەکەی کە لە پێنج ویلایەتی ئوسترالیادا چالاک بوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیسی ئوسترالیا لە هاوکاریی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.