فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا بەسەر گەرووی هورمزدا سوڕاونەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، بۆ دووەمجار لە ماوەی چەند رۆژێکدا، فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری سنوورە ئاوییەکانی ئێران بینراون، هاوکات راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێنتاگۆن خۆی بۆ جێگیرکردنی دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکات.

پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "نۆڤۆستی" کە پاڵپشتە بە داتاکانی فڕین، فڕۆکەیەکی سیخوڕی جۆری "بۆینگ پی-8 ئەی پۆسایدۆن"ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەینەوە هەستاوە و بەسەر گەرووی هورمزدا سووڕاوەتەوە، هاوکات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری "ئێم کیو-4 سی ترایتۆن" لە ئەبوزەبییەوە بەرەو ئاسمانی کەنداوی عومان فڕیوە، ئەمەش وەک چاودێرییەکی چڕی جوڵە دەریاییەکانی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.

لەمبارەیەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گرووپێکی تری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەبن بۆ رەوانەکردن بۆ ناوچەکە. 

ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک دێت بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر ئێران، هەرچەندە تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو جوڵەیە نەداوە.

لە ئێستادا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" لە ناوچەکەدایە و پێشبینی دەکرێت فڕۆکەهەڵگرێکی تر لە کەناراوەکانی ئەمریکاوە بێتە پاڵی، ئەمەش دەبێتە یەکەمجار لە دوای ئاداری 2025ەوە کە دوو فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی پێکەوە لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێن.

ئەم جوڵە سەربازییانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، هاوکات لە دیدارەکەیاندا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی دۆسیەی ناوەکی ئێران و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە قۆناغی داهاتوودا.

لەمبارەیەوە شیکەرەوان دەڵێن ئەم چڕکردنەوەیەی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکان، پەیامێکی روونی واشنتنە بۆ تاران لە کاتێکدا کە هێشتا دەرئەنجامی گفتوگۆ سیاسییەکان بە ناڕوونی ماوەتەوە.