کۆنگرێسی ئەمریکا سوپاسی مەسرور بارزانی دەکات بۆ رۆڵی لە رێککەوتنی مێژوویی سووریا و هەسەدە دا

کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە ئەحمەد شەرع: هێرشکردنە سەر کورد قبوڵکراو نییە

رۆژی سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان سازکرد. لە دانیشتنەکەدا هۆشداری توند درایە ئەحمەد شەرع و ستایشی رۆڵی نێوەندگیریی هەرێمی کوردستان کرا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

"کردارمان دەوێت نەک قسە"
بڕایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نیگەرانی واشنتنی لە ئەدای ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا دەربڕی. ماست بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "ئەوەی بەرانبەر هاوپەیمانە کوردەکانمان کرا قبوڵنەکراوە، شەرع کاتێک چاوی بە سەرۆک ترەمپ کەوت تروسکاییەکی هیوای بەخشی، بەڵام راستییەکە ئەوەیە سووریا لەو شوێنە نییە کە دەبوو لێی بێت."

ماست جەختی کردەوە، ئەحمەد شەرع پێشینەی لە نێو "قاعیدە" هەبووە و ئێستاش چەندین چەکداری بیانی بە پشتیوانی تورکیا لە نێو هێزەکانیدا هەن، کە ئەمانە ئالنگاری گەورەن لەبەردەم سیاسەتی ئەمریکا.

مەترسییەکانی داعش و کشانەوەی هێزەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماست ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، زیانی گەورەی بە پرۆسەی دژە تیرۆر گەیاندووە، بە جۆرێک "سێنتکۆم" ناچار بووە 7 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق بگوازێتەوە.

هاوکات، گریگۆری میکس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کوردستان24 جەختی کردەوە، "کورد بەجێ ناهێڵدرێن" و هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.

ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی
بە بایەخەوە باس لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمریکا، سوپاسی تایبەتی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نێوەندگیری و هێنانەدی رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی.

ویڵسن گوتی: "سوپاسگوزاری مەسرور بارزانیم بۆ ئەو هەوڵە مێژووییە. هەرێمی کوردستان ئێستا سیمبولی گەشەسەندن و بووژانەوەیە لە ناوچەکەدا."

هۆشداری لە سزای قەیسەر و بازرگانیکردن بە ئێزدییەکان
مایکل تۆماس مەککۆل، هۆشداری دا ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، سووریا دەگەڕێتەوە ژێر سزاکانی "قەیسەر".

لەلایەکی دیکەوە نادین ماینزا، سەرۆکی سکرتاریەتی ئازادیی ئاینی، زانیاری مەترسیداری ئاشکرا کرد و بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئێستای سووریا، وەک فەرماندەی فیرقەی 86، لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان بەهۆی بازرگانیکردن بە کچ و ژنانی ئێزدی، بۆیە دەبێت فشار لە شەڕع بکرێت ئەو کەسانە لە سوپا دەربکات."

لای خۆیانەوە ئەندامانی کۆنگرێس جەختیان کردەوە، پێویستە مافی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا (کورد، درووز، عەلەوی و مەسیحی) پارێزراو بێت و واشنتن بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خوێنڕشتنی نوێ نادات.