پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەکی سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان دەدات
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک بدات کە تایبەتە بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان. پڕۆژەکە جەخت لەسەر راگرتنی توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێویستی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە ناوچەکە دەکاتەوە.
لە بەشێکی گرنگی پڕۆژەیاساکەدا، ئاماژە بە رۆڵی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و فەرەنسا کراوە لە زەمینەسازی بۆ گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و رێگریکردن لە تێکچوونی سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا خراونەتەروو.
هەروەها لە یەکێک لە بڕگەکاندا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتن کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە سیاسەتی "ناوەندگەرایی" حکوومەتی سووریا لەگەڵ ئەو ئۆتۆنۆمییەدا ناگونجێت کە ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا پەیڕەو دەکرێت.