واتسئاپ: مۆسکۆ دەیەوێت بەکارهێنەرانمان ناچار بکات ئەپڵیکەیشنی چاودێریکراو بەکاربهێنن
کۆمپانیای واتسئاپ رایدەگەیەنێت، حکوومەتی رووسیا هەوڵی داوە بە تەواوی کارەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە لە وڵاتەکەیدا رابگرێت و 100 ملیۆن بەکارهێنەر ناچار بکات پەنا بۆ ئەپڵیکەیشنێکی چاودێریکراو لەلایەن حکوومەتەوە ببەن.
رۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای واتسئاپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی X بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ حکوومەتی رووسیا هەوڵی داوە بە تەواوی واتسئاپ رابگرێت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ئاراستەکردنی خەڵک بەرەو ئەپڵیکەیشنێکی چاودێریکراو کە خاوەندارێتییەکەی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە."
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، ئەم فشارانەی رووسیا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی کایە فەرمییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات، بەتایبەت ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە سیستەمی پاراستنی نامەکانیان (End-to-end encryption) بەهێزە و رێگرن لەوەی دەزگا ئەمنییەکان چاودێری گفتوگۆکان بکەن.
رووسیا و شەڕی تهکنەلۆژیا
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، پەیوەندییەکانی رووسیا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا لە ئەمەریکا وەک(مێتا، گوگل و ئەپڵ) رووی لە گرژییەکی بێوێنە کردووە. حکوومەتی رووسیا پێشتر پلاتفۆرمەکانی "فەیسبووک" و "ئینستاگرام"ی قەدەغە کردووە و کۆمپانیای "مێتا"ی وەک "رێکخراوێکی توندڕەو" ناساندووە، بەڵام واتسئاپ تاوەکو ئێستا بەهۆی بەکارهێنەرە زۆرەکەیەوە، کەمتر رووبەڕووی داخستنی یەکجاری بووەتەوە.
ئەپڵیکەیشنە جێگرەوەکان
رووسیا لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی داوە پلاتفۆرمی ناوخۆیی وەک (VK) و (RuStore) گەشە پێ بدات بۆ ئەوەی جێگەی ئەپڵیکەیشنە رۆژئاواییەکان بگرنەوە. ئامانجی سەرەکی مۆسکۆ لەم کارە، جێبەجێکردنی یاسای "ئینتەرنێتی سەروەر"ە، کە رێگە بە حکوومەت دەدات چاودێری هەموو ئەو زانیارییانە بکات کە لە ناوخۆی وڵاتدا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
واتسئاپ یەکێکە لەو ئەپڵیکەیشنانەی زۆرترین بەکارهێنەری لە رووسیا هەیە، بە جۆرێک زیاتر لە 100 ملیۆن کەس بۆ پەیوەندییە رۆژانەکان و کاروباری بازرگانی بەکاری دەهێنن. داخستنی ئەم ئەپڵیکەیشنە دەبێتە گەورەترین هەنگاوی مۆسکۆ بۆ دابڕینی کۆمەڵگەی وڵاتەکەی لە جیهانی دەرەوە.