نێرگز عەزیز: لێکۆڵینەوە لەسەر ئامێرە میوزیکییە کولتوورییەکان دەکەم

نێرگز عەزیز، خانمە هونەرمەندی میوزیکژەن، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە میوزیکییەکانی و نوێترین پڕۆژەی هونەریی خۆی و رایگەیاند، "لە ئێستا چەند پڕۆژەیەکی نوێم هەیە، وەک بیرۆکەی دروستکردنی پڕۆگرامێکی هونەریی وەرزی لەسەر کۆمەڵێک ئامێری ناوازەی کولتوورە جیاوازەکان."

نێرگز عەزیز، خانمە هونەرمەندی میوزیکژەن، باس لە ئەزموونی خۆی لە بواری میوزیکدا دەکات و بە کوردستان24ـی گوت: میوزیکژەنم و لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی ئامێرەکانی میوزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکەم، لە روانگەی ئایین و نەریتی چارەسەرکردن و کاریگەریی میوزیک لەسەر ژیانی مرۆڤ؛ هەروەها بە روونکردنەوەی ئامێرە میوزیکییە جیاوازەکان و ژەنینی میلۆدییە نەریتییەکان لە رێگەی دروستکردنەوەی خشڵ و پۆشاکی تایبەت بەو شارستانیەتە یاخود ئەو کولتوورە، هەروەها بە دروستکردنەوەی خودی ئامێرەکە خۆی. ئامانجم بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی هونەرییە، رۆڵی ژنی کورد لە روانگەی هونەر و ناساندنی کولتوور و پەیوەندیی میوزیک و سیاسەت و گێڕانەوەی مێژوو و کاریگەرییەکانی میوزیک لە روانگەی ئایینە جیاوازەکانەوە بەسەر مرۆڤدا پیشان دەدەم.

نێرگز عەزیز گوتیشی: "فەلسەفەی میوزیک لای من لەسەر بەڵگە، مێژوو و کۆنتێکستە؛ بە تەنیا دەنگ بەبێ کۆنتێکست، تەنیا ئێستاتیکایە، بەڵام بە کۆنتێکستەوە دەبێتە مۆرک و مێژوو. هەروەها میوزیکی کوردی بەهۆی تایبەتمەندییەکانی وەکو هەست، تەکنیکی تایبەتی ژەنین، مۆدال، ریتم و دەربڕینەوە مۆرکەکەی دەناسرێتەوە؛ هەرچەندە میوزیکی کوردی لەگەڵ کولتوورەکانی تردا کراوەیە، بەڵام ناڕوون نییە."

ئەو خانمە میوزیکژەنە، باس لە زەحمەتیی فێربوونی ئامێرەکانی میوزیک دەکات و دەڵێت: "فێربوونی ئامێرەکانی میوزیک بەپێی توانای فێربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. بۆ من فێربوونی ئامێرەکان تەنیا ژەنین نییە، بەڵکو دەبێت گوێبیستێکی باش بم لە شێوازی نەریتیی ژەنینەکە و تێگەیشتنم بۆ ئەو ژینگە کولتوورییەی ئامێرەکە هەبێت. واتە خودی ئامێرەکە سەخت نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی ئەو هەستە نەریتییە سەختە کە لە پڕۆسەی ژەنینی ئامێرەکەدا هەیە."

نێرگز عەزیز ئاماژەی بەوەش دا، "کاتێک دەڵێین هونەری ئێستا، راستەوخۆ دەیبەستینەوە بە گەنجەوە. ئاسانە رەخنە لە هونەرمەندانی ئێستا بگرین، بەڵام بە بڕوای من بەرپرسیارێتی تەنیا لە ئەستۆی ئەواندا نییە، بەڵکو زۆرێک لە گەنجان زانیاریی باشیان لەسەر هونەری کوردی نییە وەک سەرچاوە، پلاتفۆرم، کتێبی پەروەردەی هونەریی میوزیک و میتۆدە کوردییەکان؛ هەروەها پڕۆگرامی جیدیی تایبەت نییە کە سیستەم و کۆنتێکستی میوزیک و گۆرانیی کوردی روون بکاتەوە، بۆیە ناکرێت تەنیا داوا لە گەنجان بکرێت میوزیک و گۆرانیی کوردی پێشکەش بکەن، بەڵکو دەبێت میتۆدی پەروەردەیی هەبێت و فێربکرێن."

دەربارەی بوونی ئاوازدانەری باشی کورد، ئەو خانمە میوزیکژەنە دەڵێت: "ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک ئاوازدانەری بەتواناین، هەندێکیان توانیویانە میوزیکی فۆلکلۆری کوردی بە ئۆرکێسترا و سەمفۆنیا لەسەر شانۆ جیهانییەکان پێشکەش بکەن، بێ ئەوەی ناسنامە کوردییەکەی لێ بسێنرێتەوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا، نێرگز عەزیز باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەریی خۆی دەکات و دەڵێت: "لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەکی نوێم هەیە وەک بیرۆکەی دروستکردنی پڕۆگرامێکی هونەریی وەرزی لەسەر کۆمەڵێک ئامێری ناوازەی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها خەریکی نووسینی کتێبێکم سەبارەت بە مێژووی ئامێرەکان بۆ ئاستی باڵا لە هونەری میوزیکدا، کار لەسەر دروستکردنی براندێکی تایبەت بە خۆم دەکەم کە ئامێرێکی میوزیکە."

نێرگز عەزیز، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەورووپایە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەکانی میوزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.