دەم پارتی: شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان نەخشەرێگای ئاشتییان تاوتوێ کرد

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی (وێنە: AA)
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی (وێنە: AA)

شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان کۆبوونەوە؛ قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی ئاشتی دەست پێ دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، شاندی ئیمراڵیی سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێیان (چوارشەممە، 11ـی شوبات) لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ بڵاوکردەوە. 

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە کە واژۆی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندەکەی لەسەرە؛ دیدارەکە لە کەشێکی "گرنگ"دا بەڕێوەچووە. هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک کردووەتەوە.

شاندی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە: "بۆ نانەوەی متمانە و هەنگاوی کۆنکرێتی، پێویستمان بە چڕکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی تورکیا، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوەکانی حکوومەتە."

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە میکانیزمە یاساییەکان. شاندەکە جەختی لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی راپۆرتی "لیژنەی نیشتمانی بۆ هاوکاری، برایەتی و دیموکراسی" کردەوە. 

هەروەها داوا کراوە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە ئامادە بکرێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە کۆڵەکەی داهاتووی دیموکراتیکی تورکیا. پێویستە ئەم یاسایە بێ دواکەوتن و بە سازانێکی فراوان پەسەند بکرێت.

لە کۆتاییدا شاندەکە سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیایان کرد بۆ پێشوازییەکە. بە بڕوای ئەوان، ئەم دیدارە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی تورکیا و ناوچەکە.