وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەداتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە بارەی بڕینی زیاتر لە 36 ملیار دینار لە پشکی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئاراستەی وەزارەتەکەی هەرێمیان کردووە و دەڵێت: هەر کەموکوڕییەک، نەناردن یان لێبڕین لە مووچە لە سێ ساڵی رابردوودا، وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا، وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەت و لێکدانەوە ناڕاستانەی دایەوە، کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم کراون، لە بارەی بڕینی زیاتر لە 36 ملیار دینار لە پشکی هەرێم لە لایەن بەغداوە.

وەزارەتەکە دەڵێت: ماوەی سێ ساڵە بە پێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، مووچەی هەرێم لە بەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە، وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

هاوکات وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ زیاتر لە 36 ملیار دیناری، لە پشکی هەرێمی کوردستان لە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕیوە، کە بریتییە لە؛ مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر.

جەختی لەوە کردەوە، خانەنشین هەیە 12 مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنیا یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن، یەکێكیان مووچەی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، بەڵام تەنیا یەک مووچەیان بۆ هاتووە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە نووسراوی دووەمی بە ژمارە ( 1164/4/7 ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 36 ملیار دیناری کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دارایی هەموو ئەو کەسانە ئاگاداردەکاتەوە کە بە شێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتەکە و تۆمەت دەبەخشنەوە و دەڵێت: دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.

وەزارەتی دارایی مەبەستێتی بە هەموو لایەکی رابگەیەنێت، کە  ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا بە شانازیەوە تەنیا حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی دیکە.


هاوپێچ

-نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە (366) لە (2026/1/27) تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.

-نووسراوی ژمارە (3323) فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بەخەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.

-نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە  (1164/4/7) لە رێکەوتی (2026/2/12) بۆ خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.