کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی کۆدەبێتەوە

رۆژنامەیەکی نزیک لەدەسەڵاتی تورکیا رایگەیاندووە، مانگی داهاتوو یاسایەکی کاتی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دەردەکرێت.

رۆژنامەی حوورییەتی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا رایگەیاندووە، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی کە لە پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەکە دەدات، هەروەها بە دەنگدان لەسەر راپۆرتەکە کارەکانی کۆمیسۆنەکە کۆتایی پێدێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕەشنووسی راپۆرتەکەدا کە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی پێشکەشی ئەندامانی کۆمیسۆن کراوە، پێشنیاری ئەوە کراوە کە سەرەتا یاسایەکی راگوزەر دەربکرێت بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەکیان داناوە و لەگەڵ کۆمەڵگادا تێکەڵ بکرێنەوە.

هەروەها باس لەوەکراوە، دوابەدوای دەنگدانی کۆتایی لەسەر راپۆرتی کۆمسیۆن، بڕیارە مانگی داهاتوو یاسای راگوزەر لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند بکرێت و مەبەست لە یاساکە ئاسانکارییە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە هاووڵاتی تورکیان و ئێستا لە شاخن، هەروەها ئازادکردنی ئەو کەسانەیە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە یاخود ئەنجامدانی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوەکە بەبێ ئەندامبوون لێی زیندانی کراون. 

رۆژنامەکە رایگەیاندووە، نزیکەی چوار هەزار و 200 زیندانی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە پەکەکە زیندانی کراون و لەنێو راپۆرتەکەی کۆمیسۆندا هاتووە، پێویستە یاسای سزادان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار بکرێتەوە و دانانی قەیووم کۆتایی پبێت.

 سێشەممە 5ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دابینکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ناوی کۆمسیۆنەکە یەکلا کرایەوە و کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.