زینک و کوالێتی خەو؛ ئایا تەواوکەرە خۆراکییەکان وزە زیاد دەکەن؟

توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی مادەی "زینک"یان لە جەستەدا هەیه، رەنگە دوای بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکان هەست بە باشتربوونی خەو و بەرزبوونەوەی ئاستی وزەیان بکەن. بەڵام پسپۆران جەخت دەکەنەوە، کە هێشتا بەڵگه گشتییەکان بەو رادەیە نین کە رێنمایی بۆ هەمووان دەربکرێت تاوەکو بۆ ئەم مەبەستە زینک بەکاربهێنن.

کوالێتی خەو

بەڵگه زانستییەکان لەبارەی کاریگەریی زینک لەسەر خەو هێشتا یەکلاکەرەوە نین:

وەرگرتنی 30 میلیگرام زینک رۆژانە بۆ  10 تا 12 هەفتە، پەیوەندی هەبووە بە باشتربوونی خەو لای بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی گورچیلەیان دەشۆردرێت.

توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو پەرستارانەی هەر 3 رۆژ جارێک 220 میلیگرام "کبریتاتی زینک"یان خواردووە، خەویان باشتر بووە، هەروەها تاقیکردنەوە کلینیکییەکان هیچ باشتربوونێکیان نیشان نەداوە لای ئەو کەسانەی بۆ ماوەی 3 تا 4 مانگ زینکیان خواردووە و کێشەی ماندوێتی درێژخایەن، خەمۆکی، یان نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانەیان هەبووە.

ئاستی وزە

ئاماژەی سنووردار هەن کە نیشانی دەدەن تەواوکارە خۆراکییەکانی زینک ماندوێتی کەمدەکەنەوە:

تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی نیشانی داوە خواردنی 30 میلیگرام زینک بۆ ماوەی 10 هەفتە، ماندوێتی لای ئەو کەسانە کەمکردووەتەوە کە تەمەنیان 60 ساڵ یان زیاترە و پێشتر ئاستی زینک لە جەستەیاندا نزم بووە.

توێژینەوەیەکی دیکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی خواردنی 70 میلیگرام زینک رۆژانە بۆ ماوەی 4 مانگ، یارمەتی رێگریکردن لە ماندوێتی داوە لای نەخۆشانی شێرپەنجەی کۆڵۆن کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.

سەرباری ئەمانەش، هێشتا بەڵگەکان بەس نین بۆ ئەوەی زینک وەک رێگەیەکی مسۆگەر بۆ زیادکردنی وزە پێشنیاز بکرێت.

زینک چۆن کاریگەری لەسەر خەو و وزە دەبێت؟

جەستە پێویستی بە زینکە بۆ بەرهەمهێنان و رێکخستنی گوێزەرەوە دەمارییەکان وەک "گلوتامات" و "GABA"، کە ئەمانە پەیامی کیمیایین و یارمەتی رێکخستنی خولی خەوتن و بەخەبەرهاتن دەدەن. هەروەها زینک گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی "میلاتۆنین" کە هۆرمۆنێکی یارمەتیدەرە بۆ خەو. جگە لەوەش، بەدەستهێنانی بڕی پێویست لە زینک بەرگری جەستە بەهێز دەکات، ئەمەش ماندوێتی کەمدەکاتەوە.

جەستە چەند زینکی پێویستە؟

- پیاوانی پێگەیشتوو: رۆژانە لانیکەم 11 میلیگرام.
- ژنانی پێگەیشتوو: رۆژانە 8 میلیگرام .
- کاتی دووگیانی و شیردان: رۆژانە 11 تا 12 میلیگرام .

سەرچاوە خۆراکییە دەوڵەمەندەکان بە زینک: گۆشت، ماسی، شیرەمەنییەکان و هێلکە.

بۆ باشترکردنی خەو و زیادکردنی وزە، زینک تەنیا ئەو کاتە سوودبەخش دەبێت کە جەستە کێشەی کەمیی ئەم مادەیەی هەبێت. پێش بەکارهێنانی هەر جۆرە تەواوکەرێکی خۆراکی، پێویستە پرس بە پزیشک بکەیت، بەتایبەت ئەگەر دەرمانی دیکە بەکاردەهێنیت.