مەزڵووم عەبدی و ئیمانوێل ماکرۆن لە میونشن کۆبوونەوە
لە بەردەوامی دیدارە دیپلۆماسییەکانی لە میونشن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆبووەوە و تێیدا داهاتووی پرۆسەی سیاسی و جێبەجێکردنی رێککەوتننامە نوێیەکانی سووریا تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی شوباتی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، شاندی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و بەشداربوونی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دیدارێکیان ئەنجام دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەسەدە سوپاسی هەڵوێستە بەردەوامەکانی فەرەنسایان کرد، بەتایبەت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاگربەست و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هاوکات هەر دوو لا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم، بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریادا.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەو چوارچێوەیەدا و ستایشی رۆڵی کاریگەری هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد لە تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەم دیدارەی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سووریا ئەنجامی دابوون، ئەمەش نیشانەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.