سەدرەدین قوبانچی: ڤالانتاین بۆ بەلارێدابردنی گەنجانە
پێشنوێژ و وتاربێژی نەجەف دەڵێت: رۆژی ڤالانتاین پیلانێکی بیانییە بۆ بەلاڕێدابردنی گەنجان و دروستكردنی دژایەتیی ئایینە ئاسمانییەكان.
سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و وتاربێژی نەجەف لە وتاری هەینیدا گوتی: ئەم یادە پیرۆزکردنی قەشەیەکە کە بەهۆی تاوانی نەشیاوەوە لە سێدارە دراوە، دەشڵێت: داوا لەگەنجان و هەموو دەزگاكانی میدیا و لایەنەكان دەكەین ئاگەداربن و هەوڵی بەبازاڕ كردنی ئەم دیاردەیە گەندەڵە نەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، جەژنی خۆشەویستی بەرھەمی بیرکردنەوەیەکە کە دژایەتی ئایینە ئاسمانییەکان دەکات و پلانێکە بۆ شێواندنی ئەخلاقی گەنجان، گوتیشی، ئیسلام دژی خۆشەویستی نییە، بەڵکو دژی حەرامە، بۆیە ئەوەی دەکرێت حەرامە.
قوبانچی باسی لەوەشکردووە، "ئەمە داهێنراوێکی شەیتانییە و شەیتان کارە خراپەکان دەڕازێنێتەوە؛ ئەوان فەسادی و تاوانیان کردووە بە جەژن و ناویان لێناوە جەژنی خۆشەویستی، تەنیا بۆ ئەوەی گەنجەکانمانی پێ هەڵخەڵەتێنن."
ئەمڕۆ 14ـی شوباتە و رۆژی جیهانیی ڤالانتاینە، خەڵك دیاریی و گوڵی سوور بۆ خۆشەویستەكان دەکڕن و پیرۆزبایی لەیەكتر دەكەن و پەیمانیی نێوانیان نوێ دەكەنەوە، لەعێراقیش ئەم یادە دەكرێتەوە، بەڵام نارەزایی بەشێک لە لایەنە شعییەکانی لێ کەوتووەتەوە.