شەڕی دەستەویەخە گەشتێکی دواخست

شەڕی دەستەویەخە گەشتێکی دواخست
شەڕی دەستەویەخە گەشتێکی دواخست

شەڕی دەستەویەخەی نێوان دوو سەرنشین فڕۆکەیەکی ناچار بە نیشتنەوەی بەپەلە کرد.

فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "جێت2" (Jet2)ی بەریتانی، لە گەشتی ژمارە LS896 لە شاری ئەنتاڵیای تورکیاوە بەرەو مانچستەر لە بەریتانیا، بەهۆی شەڕی دەستەویەخەی نێوان دوو سەرنشینەوە ناچارکرا رێڕەوەکەی بگۆڕێت و نیشتنەوەیەکی بەپەلە لە فڕۆکەخانەی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجام بدات.

رووداوەکە لە کاتێکدا دەستیپێکرد دوو سەرنشین بەهۆی "رەفتاری شێتانە و توندوتیژ"ـەوە دۆخێکی نائارامیان لەناو فڕۆکەکەدا دروستکرد.

 بە گوتەی شایەتحاڵان، یەکێک لە سەرنشینەکان قسەی "رەگەزپەرستانە"ی کردووە و دواتر شەڕەکە تەشەنەی سەندووە. سەرەڕای هەوڵی تیمی فڕۆکەوانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام شەڕەکە گەیشتە ئاستی لێدانی یەکتری و دروستبوونی پشێوی لەناو فڕۆکەکەدا.

 

 

کاپتنی فڕۆکەکە لەبەر سەلامەتیی گیانی سەرنشینەکانی دیکە و تیمی فڕۆکەوانی، بڕیاری نیشتنەوەی بەپەلەی دا. دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە برۆکسل، پۆلیسی بەلجیکا چوونە سەر فڕۆکەکە و هەردوو سەرنشینە توندوتیژەکەیان دەستگیرکرد و لە گەشتەکەیان دوورخرانەوە.

کۆمپانیای "جێت2" لە بەیاننامەیەکدا رەفتاری ئەو دوو سەرنشینەی بە "قێزەون" وەسفکرد و رایگەیاند، بۆ هەمیشە گەشتکردنیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە لێ قەدەغە کراوە. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، بەدواداچوونی یاسایی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی ئەو زیان و تێچووانەی بەهۆی ئەم رووداوەوە بەر کۆمپانیاکەیان کەوتووە.

دوای دەستگیرکردنی سەرنشینە ئاژاوەگێڕەکان، فڕۆکەکە گەشتەکەی بەرەو مانچستەر درێژەپێدا و بە سەلامەتی گەیشتە مەبەست.