ئەمریکا 40 ملیۆن دۆلاری بۆ دیپۆرتکردنی 300 کۆچبەر خەرج کردووە

راپۆرتێکی نوێی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پەردە لەسەر تێچووە داراییە گەورەکانی سیاسەتی کۆچی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لادەبات، ئاشکرای دەکات کە بڕی 40 ملیۆن دۆلار بۆ دیپۆرتکردنی تەنها 300 کۆچبەر خەرج کراوە.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، ئاژانسی "بلومبێرگ" راپۆرتێکی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تێکرای 133 هەزار و 133 دۆلاری بۆ دیپۆرتکردنەوەی هەر کۆچبەرێک خەرج کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان پێیانەوە نییە، ئاماژەی بەوەشکردووە،  لە حاڵەتێکی بێوێنەشدا، تێچووی ناردنی حەوت کۆچبەر بۆ وڵاتی ڕواندا گەیشتووەتە 1.1 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کۆچبەرێک.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پارە زۆرە وەک بەشێک لە "ستراتیژییەکی ترساندن" بۆ هاتنە ناوەوەی کۆچبەران بۆ ئەمریکا خەرج کراوە.

لەمبارەیەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ لێژنەکەی ئەنجوومەنی پیران ئاشکرای کردووە، ئامانجی بەرنامەکە فشارخستنە سەر کۆچبەران بووە تاوەکو لە ترسی دیپۆرتکردنەوە بۆ شوێنە زۆر دوورەکانی وەک دوورگەی "پالاو" لە زەریای هێمن یان شانشینی "ئیسواتینی" لە ئەفریقیا، دەستبەرداری داواکارییەکانی پەنابەرێتی ببن.

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی رەخنەی لێ گیراوە، بەخشینی ملیۆنان دۆلار بووە وەک "دیاریی دارایی" بە حکورمەتە بیانییەکان بەرامبەر وەرگرتنی کۆچبەرەکان، بەبێ ئەوەی هیچ سیستەمێک هەبێت بۆ چاودێریکردنی ئەوەی کە ئەو پارانە لە چیدا خەرج دەکرێن.

لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێگەیە بۆ دیپۆرتکردنی ئەو تاوانبارانەیە کە وڵاتە رەسەنەکانی خۆیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.

 رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئەم سیاسەتە کاریگەریی وێرانکاری لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە پابەندی یاسان و بە زۆر رەوانەی وڵاتانی نامۆ دەکرێن بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێکی یاساییان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان هەبێت.