ڤۆن دێر لاین پشتگیریی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی شوباتی 2026، لە درێژەی کارنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆبووەوە.

لە کۆبوونه‌وه‌کەدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری ده‌كه‌ن.

هەر لە کۆبوونه‌وه‌کەدا، باس لە دۆخى سووريا و كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا. 

ڤۆن دێر لاین پشتگیریی یەکێتیی ئەوروپای بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانى و رۆڵى هەرێمی كوردستانى کرد وەک فاکتەری گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ڤۆن دێر لاین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: هەماهەنگییە بەردەوام و باشەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنم.

هەروەها ئاماژەشی داوە، پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگە گفتوگۆ و دامرکاندنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دەکەم.