مەزڵووم عەبدی: چاوەڕوانین رۆڵی فەرەنسا بۆ پاراستنی ناوچەکە بەردەوام بێت

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەتەوە.

شەممە 14ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: شەرەفمەند بووە بە دیداری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەستمان بە پابەندبوونی بەهێز و کەسیی ماکرۆن کرد بۆ هەوڵەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەست و پێشخستنی پرۆسەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشدا، رۆڵە کارایەی فەرەنسا و هەڵوێستە نەگۆڕەکەی لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز دەنرخێنین.

مەزڵووم عەبدی هیواخوازە کە رۆڵی ئەرێنیی فەرەنسا لەم قۆناغە هەستیارەدا بەردەوام بێت، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ هەوڵەکانیان و گەلەکەیان لە پێناو پاراستنی ناوچەکە و سەقامگیری لە سەرجەم خاکەکانی سووریادا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، 13ی شوباتی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، شاندی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و بەشداربوونی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دیدارێکیان ئەنجام دا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەسەدە سوپاسی هەڵوێستە بەردەوامەکانی فەرەنسایان کرد، بەتایبەت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاگربەست و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هاوکات هەر دوو لا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریادا.