ئیلهام ئەحمەد: زمانی کوردی دەبێت ببێتە مافێکی دەستووری
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەندامی شاندی سووریا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکگرتن و لێکتێگەیشتن لە سووریا بەرەو پێش دەچێت و جەختی لە گرنگیی چەسپاندنی مافی خوێندن بە زمانی دایک لە دەستووری نوێی وڵاتدا کردەوە.
شەممە 14ی شوباتی 2026، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و گوتی: کۆبوونەوەکان دۆستانە و ئەرێنی بوون. جەخت لەسەر سەقامگیریی سووریا، بنیاتنانەوەی وڵات و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا کراوەتەوە.
دەربارەی شێوازی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، وەک شاندێکی یەکگرتووی سووری بەشدارییان کردووە، بەڵام هاوکات نوێنەرایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان کردووە. گوتیشی: ئێمە وەک سوورییەک لێرەین بۆ ئەوەی پەیامی یەکگرتوویی و پاراستنی مافی هەمووان بگەیەنین.
سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان و تێکەڵبوونیان، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی دەڕوات، بەڵام بێگومان ئاستەنگ لەبەردەمدایە و هەندێک نیگەرانی و ترسی پێشوەختە هەن، هەروەها هەندێک لێدوانی توند لە مەیدانەکەدا دەبیسترێن کە کاریگەرییان لەسەر متمانەی نێوان پێکهاتەکان کورد و عەرەب دروست کردووە، بەڵام بەردەوامیی دیالۆگ دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات.
ئیلهام ئەحمەد سەرنجی خستە سەر مەرسومی ژمارە 13 و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کرد کە دەکرێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت، بەتایبەت لە پرسی خوێندن بە زمانی دایکدا. گوتی: مافی خوێندن بە زمانی دایک بابەتێکی سەرەکییە و پێویستە لە دەستووردا جێگیر بکرێت. ئێستا لە ناوچەکانی ئێمە بە زمانی کوردی خوێندن و فێرکردن بەردەوامە و دەبێت ئەمە گەشەی پێبدرێت و وەک مافێکی ڕەوا بناسرێت.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیموکراتدا.