ترەمپ: 5 ملیار دۆلار و هێزی نێودەوڵەتی بۆ غەززە ئامادە کراوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی 5 ملیار دۆلار و هەزاران سەربازی بۆ ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی غەززە تەرخان کردووە، هاوکات هۆشداری توند دەداتە حەماس کە دەبێت دەستبەجێ و بە تەواوەتی چەک دابنێت.
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) وردەکاریی کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی ئاشتیی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بڕی 5 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە کۆکراوەتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە، رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، لە پەیمانگای دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی لە واشنتن، لەگەڵ ئەندامانی دەستەکە کۆدەبێتەوە.
ترەمپ نووسیویەتی: رایدەگەیەنین کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ هەوڵە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە تەرخان بکەن. ئاشکراشی کرد، هەزاران کارمەند و سەرباز پابەند کراون بۆ بەشدایکردن لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی و پۆلیسی ناوخۆیی، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی بۆ دانیشتووانی غەززە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بزووتنەوەی حەماس کردووە و دەڵێت: زۆر گرنگە، دەبێت حەماس پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بۆ چەکدانانی تەواوەتی و دەستبەجێ.
ترەمپ باسی لەوەش کردووە، لە تشرینی یەکەمی 2025، پلانی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی غەززەی راگەیاندووە و بە کۆی دەنگ لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، دواتریش هاوکارییە مرۆییەکان گەیەنراون و بارمتەکان ئازاد کراون و ترەمپ دەشڵێت: دەستەی ئاشتی دەبێتە کاریگەرترین دەستەی نێودەوڵەتی لە مێژوودا و شەرەفمەندم بەوەی وەک سەرۆکی دەستەکە خزمەت دەکەم.
ئەم هەنگاوانە بەشێکن لەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئایندەی غەززە پێشکەشی کردووە. بەپێی پلانەکە، کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی بە ناوی کۆمیسیۆنی ئاشتی سەرپەرشتیی ئیدارەی کاتیی کەرتی غەززە دەکات.
هاوکات کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە بە سەرۆکایەتیی دکتۆر عەلی شەعس پێکهێنراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوە گشتییەکان، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دروستکردنی ژێرخانی حوکمڕانیی ناوخۆیی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەستەی جێبەجێکاری کۆمیسیۆنەکە لەم کەسایەتییە دیارانە پێکهاتووە: مارکۆ روبیو، ستیڤ ویتکۆف، جێرد کوشنەر، تۆنی بلێر، مارک رۆئن، ئاجی بانگا و رۆبەرت گابرێڵ. ئامانجی سەرەکیی ئەم گرووپە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان و بنیاتنانی توانای حوکمڕانی لە کەرتی غەززە.
رۆژی 29ـی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پلانی ئاگربەستی لە غەززە پەسندکرد، کە 21 خاڵی لە خۆ دەگرێت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێک دەهێنرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات.