ناتانیاهۆ چوار مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەخاتەڕوو
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چوار مەرج بۆ هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، هەر رێککەوتنێک بکرێت دەبێت گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ژێرخانی پیتاندن و تێکشکاندنی تەوەرەی تیرۆر لە ناوچەکە بکات، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی تاران ناچار بە ڕێککەوتنێکی نوێ بکات کە ئاسایشی جیهان بپارێزێت
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکرێت، دەبێت چوار پێکهاتەی بنەڕەتی تێدابێت کە نەک تەنیا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ ئاسایشی ئەمریکا، ناوچەکە و جیهانیش گرنگن.
ناتانیاهۆ رایگەیاند کە یەکەم هەنگاوی هەر رێککەوتنێک دەبێت دەرکردنی تەواوی ماددە پیتێنراوەکانی یۆرانیۆم بێت لە خاکی ئێران، هەروەها پێویستە نەک تەنیا پرۆسەی پیتاندن رابگیرێت، بەڵکوو دەبێت تەواوی ئەو ئامێر و ژێرخانە تەکنیکییانەی کە ڕێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدەن بەتەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە و لەناو ببرێن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی بەرنامەی مووشەکیی تاران کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە بە توندی رووبەڕووی پرسی مووشەکە بالیستیکییەکان ببنەوە، ئەوان پابەندی سنوور بەندی 300 کیلۆمەتری نییە و جەنگی 12 رۆژە گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەو سەرپێچییانە.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە مەرجێکی دیکەی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک، هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەوەرەی تیرۆرەیە کە ئێران لە ناوچەکەدا دروستی کردووە، کە هەرچەندە گورزی کوشندەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا ئێران هەوڵی دووبارە رێکخستنەوەی دەدات.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوورە لەسەر ئەوەی هەموو ئەگەرەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک تاقی بکاتەوە.
هاوکات ناتانیاهۆ پێیوایە بەهۆی پیشاندانی هێز و ئەو بارودۆخە نوێیەی دروست بووە، ئێستا دەرفەتی رێککەوتن لە هەموو کاتێک زیاترە، چونکە ترەمپ پێی وایە ئێران تێگەیشتووە کە لە رابردوودا دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت ئەمجارە نەیانەوێت هەمان هەڵە دووبارە بکەنەوە.